فازل میرانی: حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردندا دەکەن
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیمکراتی کوردستان(فارل میرانی)، لە دیمانەیەکی \"ئاژانسی پەیامنێر\""-دا بڵاو بووەتەوە ڕایگەیاند کە بەدەر لە ڕەوتە ئیسلامییە توندڕۆ و گێرەشێوێنەکانیان، حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان بەشدارن لە پرۆسەی دیموکراسیدا و جەخت لە پێکەوەژیان دەکەنەوە و پێوەندیی باشیان لەگەڵ کۆی پێکهاتەکانی ناموسڵماندا لە هەرێمدا هەیە و ئەمەیش سەیر نییە چونکە ئایین بۆ خوا و نیشتیمان بۆ هەمووانە. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ئەندامی کۆی ڕێکخستنە سیاسییەکان لە ئەم ڕووداوانەدا تێوەنەگلابن. ئینجا ئەگەر ئەم تێوەگلانە بە مەبەست بووبێت یان نا، یاخود بە ڕێنماییی دەرەکی و بۆ مەرامی ئەوان بووبێت یان نا.
بە بڕوای (میرانی) ئەم ڕووداوە نوێیە پێشینەیەکی میژوویی نەبووە و قبووڵ ناکرێت و زیانی ماددی و مەعنەوی بە هەموومان گەیاند. دەبێت بە بایەخ و بەرپرسارێتییەوە هەڵوەستەی لەسەر بکەین و بزانین کە کێی لە پشتەوە بووە؟ کێ جێبەجێی کرد؟ دەبێ بە وردیی و بە یاسا لێی بکۆڵرێتەوە و بگەین بە بنەوانی، تاکو کاریگەرییەکانی بسڕینەوە و بۆ ژیانی ئازادی و پێکەوەژیانمان وەک پێشووتر کە بوومانە بگەڕێینەوە، ئەمەیش بەرپرسارەتیی هەمووانە کاری بۆ بکەین.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەهاری عەرەبی و کاریگەرییەکانیشییەوە دەڵێت کە هەر گۆڕانکارییەک هۆکاری خۆی هەیە و \""ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١ لە دژی سیستەمی حوکمی شمولیی عێراق ڕاپەڕین و بەهاری عێراقییش لە نیسانی ٢٠٠٣بەرپا بوو. لە لایەکی دیکەوە بەرەنجامی هەڵبژاردنەکان بەپێی تایبەتمەندیی هەر وڵاتیک جۆریک دەبێت. پێویست نییە کە لەم قۆناغەدا بە هەستیارییەوە لە بردنەوەی حزبە ئیسلامییەکان بڕوانرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە پەرچەکردارێکە لە بەرانبەر غیابی دادپەروەریی سیستەمەکانی پێشوویانە. \""بەڵام لە کوردستان دۆخەکە جیاوازە و ئێمە دەوڵەت نین وەک ئەوانی دیکە، پێکهاتە سیاسییەکانی کوردستان بە جیاوازییەکانیانەوە بە هێزە ئیسلامییەکانیشەوە کار بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەکەن کە بە دیی هاتوون و گەشەی پێ دەدەن.\"" "
