شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو گه‌وره سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی جۆزیف لیبه‌رمان و جۆن مه‌ككین كۆبوونه‌وه
له دوایین وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئهمهریكاو ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌و دیداری گرینگ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداری و ئه‌ندامانی كۆنگرێس و ناوه‌نده‌كانی بڕیار‌و سه‌نته‌ره‌كانی هزری و توێژینه‌وه‌ی رووداوه سیاسیه‌كان، رۆژی هه‌ینی 16/12/2011 شاندی هه‌رێمی كوردستان كه پێكهاتبوو له به‌ڕێزان د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ردوو گه‌وره سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی جۆزیف لیبه‌رمان و جۆن مه‌ككین كۆبوونه‌وه.
له دیداره‌كه‌دا به تێروته‌سه‌لی باس له بارودۆخی ئه‌مڕۆی ئیراق و ئایندهی پرۆسه‌ی سیاسی و ئاراسته‌ی رووداوه‌كان و ململانێی ده‌سه‌ڵات له به‌غدا و په‌راوێزكردنی پێكهاته‌كان له چوارچێوه‌ی سیناریۆكانی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ئیراق كرا. هاوكات باس له پرسی كڕینی چه‌ك له‌لایه‌ن ئیراقه‌وه له ئه‌مه‌ریكا كرا‌و گشت لایه‌نه‌كانی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه تاوتوێ كران.
د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستانی به راشكاوی له‌سه‌ر ئه‌م پرس و ئه‌گه‌رانه خسته‌ڕوو. هاوكات جه‌ختی له‌سه‌ر سوربوونی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێم كرده‌وه بۆ پاراستنی ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی هه‌رێم و بایه‌خدان و هاوكاری كردنی ناوچه دابڕاوه‌كان له‌م قۆناغه‌دا. به‌ڕێزیان باسی له هۆكارو ئاكام و ئه‌گه‌ری هه‌وڵی هه‌ندێ له پارێزگاكانی ئیراق كرد بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می فیدڕالی.
هه‌ردوو سیناتۆری ئه‌مه‌ریكی و دۆستی گه‌له‌كه‌مان جۆزیف لیبه‌رمان و جۆن مه‌ككین پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی سیاسی گه‌لی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌و رایانگه‌یاند كه ئه‌وان خۆشحاڵن به پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌رووی سیاسی و ئابووری و سه‌قامگیری و دامه‌زراوه‌یی. هه‌روا ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه گه‌لی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی جێگه‌ی بڕوا‌و متمانه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكان.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا ره‌وشی ئه‌مڕۆی ناوچه‌كه ههلسهنگێندراو تیشك خرایه سه‌ر بارودۆخی سوریا به گشتی و ره‌وشی كورده‌كانی ئه‌و وڵاته به‌تایبه‌تی، له‌م رووه‌وه سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گووتی كورده‌كانی سوریا داوای مافی ره‌وای خۆیان ده‌كه‌ن له‌چوارچێوه‌ی سیسته‌مێكی دیموكراسی راسته‌قینه، پێوه‌ری په‌یوه‌ندیه‌كانی گه‌لی كورد له سوریا له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌كانی تر به‌نده به دیموكراسیه‌ت و دابین كردنی مافی گه‌لی كورد له‌و وڵاته.
له دیداره‌كه‌دا فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت سوپاسی پشتگیری و هاوكاری هه‌ردوو سیناتۆری كرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كه ئه‌وان له نزیكه‌وه چاودێری بارودۆخی ئیراق ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین جار سه‌ردانی ئیراق و هه‌رێمی كوردستانیان كردووه. هاوكات هیوای خواست له ئاینده‌دا ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌بواره جۆراوجۆره‌كان زیاتر په‌ره پێبدات له پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا.
