(نێچیرفان بارزانی)، (دانیال میتران) بە دایكی كوردان ناو دەبات

(نێچیرفان بارزانی)، (دانیال میتران) بە دایكی كوردان ناو دەبات
جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی كۆچی دواییی خاتوو (دانیال میتران) جگە لە ڕاگەیاندنی هاوخەمی و دڵگرانی، ئەو خاتوونەی بە قارەمان ناو برد و هەروەها ناسناوی “دایكی كوردان”ـی پێ بەخشی.

(نێچیرڤان بارزانی) لە لاپەڕەی فەیسبووكی خۆیدا گوتی:
“خەمبار و دڵگران بووم بە بیستنی هەواڵی كۆچی دوایی دۆستی دێرینی گەلی كورد، پاڵەوانی دادپەروەری و مافەكانی مرۆڤ، خاتوو (دانیال میتیران).

(بارزانی)، گوتیشی چەندان جار چاوی بەم خانمە بەڕێزە كەوتووە و هەڵوێستی بەرانبەر دۆزی ڕەوای گەلی كورد، بە تایبەتی لە ڕۆژە سەختەكاندا، بەرز نرخاندووە.

ئەو هەروەها لەو پەیامەدا دەڵێت: “خۆشحاڵ بووم كە خوالێخۆشبوو پێش ماوەیەك توانی سەردانی هەرێمی كوردستان بكا و قوتابخانەی (دانیال میتران) لە هەولێر بكاتەوە، گەلی كورد وەك قارەمانێك دەڕوانێتە ئەو خاتوونە و هەرگیز لە یادی ناكات.”

(نێچیرڤان بارزانی)، لە كۆتایی پەیامەكەدا دەڵێ: “بێگومان شاییستەی ناسناوی “دایكی كوردان”ـە و نەوەكانی داهاتوو بە ڕێز و شكۆدارییەوە یادی دەكەنەوە، دووبارە پرسە و هاوخەمیی خۆم ئاڕاستەی كەسوكار و دۆستانی خوالێخۆشبوو دەكەم.”
Top