فڕۆكه‌كانی توركیا گونده‌كانی ناحیه‌ی سیده‌كان و قه‌زای ئامێدی بۆردومان ده‌كه‌ن
سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گوندی لێتان به PUKmedia راگه‌یاند: نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ تۆپخانه‌كانی توركیا گه‌لی ره‌ش و گه‌لی لۆلانیان له‌سنووری ناحیه‌ی سیده‌كان تۆپباران كرد، هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تریشه‌وه سه‌عات 3 ی پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی توركیا ئاسمانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌زاندو دوای ماوه‌یه‌ك سوڕانه‌وه به‌سه‌ر گوند‌و ناوچه سنورییه‌كانی ناحیه‌ی سیده‌كان، ناوچه‌كانی (لۆلان، خنێره، كۆما سۆر) یان له‌سنووری ناحیه‌ی سیده‌كان بۆردومانكرد.
سه‌رچاوه‌كه راشیگه‌یاند: بۆردومانه‌كه له‌لایه‌ن 6 فڕۆكه‌ی جه‌نگی توركیاوه ئه‌نجامدراو زۆر به‌سه‌ختی ئه‌و كوێستانانه بۆردومانكران، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌زیانی هاووڵاتیان، سه‌رچاوه‌كه رایگه‌یاند كه به‌هۆی چۆڵی ناوچه‌كانه‌وه زیانی هاووڵاتیان نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و گونده ئاوهدانانهی نزیكن له‌و ناوچانه ترسێكی زۆر لای خه‌ڵكه‌كه‌ی دروستبووه‌و مه‌ترسی چۆڵبونیان لێده‌كرێت.
هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌یه‌كیش له قه‌زای ئامێدی به PUKmedia ی راگه‌یاند: له به‌یانی ئه‌مڕۆوه چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی توركیا به‌سه‌ر ئاسمانی سنوری قه‌زای ئامێدی پارێزگای دهۆكدا سوڕاونه‌ته‌وه‌و دواتر بۆردومانی چه‌ند گوندێكی ئه‌و قه‌زایه‌یان كردووه له‌وانه‌ش گونده‌كانی به‌رواری باڵا‌و دیلكاو سێری و زلێ و هێتیتێ و شیڤێیان بۆردمانكردوه.
