بەرهەم ساڵح: سەردانەکەی بەخیت سەردانێکی گرنگە و دەسپێکێکی باشە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردون

بەرهەم ساڵح: سەردانەکەی بەخیت سەردانێکی گرنگە و دەسپێکێکی باشە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردون
ئەمڕۆ دووشەممە لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەک لە نێوان بەرهەم ساڵح، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەعروف بەخیت، سەرۆک وەزیرانی ئوردون بەڕێوەچوو.

دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەرهەم ساڵح سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: \"لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆماندا چەند بوارێکی جیا جیا وەکو بوارەکانی ئابوری، خوێندن، تەندروستی، مەشق و راهێنان، پێداچوونەوە بە سیستەمی حوکمڕانی و سوود وەرگرتن لە ئەزمونی ئوردون باسیان لێوەکرا\"".

وتیشی: \""مەسەلەی ڤیزا و چۆنیەتی ئاسانکاریکردن بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە رێگای فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێرەو بۆ ئوردون باسیان لێوەکرا\"".

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتیشی: ئەم سەردانە سەردانێکی گرنگە و دەسپێکێکی زۆر باشە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ شانشینی ئوردون.

لای خۆیەوە مەعروف بەخیت، سەرۆک وەزیرانی ئوردون رایگەیاند، لەو سەردانەیدا واژو لەسەر چەند یاداشتننامەیەکی تێگەیشتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردون دەکرێت.

هەروەها ئاماژەی بە کردنەوەی کونسوڵخانەی ئوردون لە شاری هەولێر کرد و وتی: \""کاردەکەین بۆ پتەوکردنی ستافی کونسوڵخانەکە بە کۆمەڵێک راوێژکار لە بوارەکانی بازرگانی و تەندروستی و راگەیاندن\"".

جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ دووشەممە لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی ئوردون مەعروف بەخیت و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەم ساڵح و ژمارەیەک لە بەرپرسانی کوردستانی و ئوردونی کونسوڵخانەی ئوردون بە فەرمی لە شاری هەولێر کرایەوە."
Top