فرۆكەكانی توركیا بۆردمانى ناوچەى كورتەك دەكەن

فرۆكەكانی توركیا بۆردمانى ناوچەى كورتەك دەكەن
فرۆكەكانی توركیا دیسان ناوچەى كورتەكى سنوورى شارەدێى سەنگەسەریان بۆردمان كرد و بەئاسمانى گوندەیلى بنارى قەندیل و سنووری شارەدێى وەرتێدا لە گەڕیندان.

كوێستان ئەحمەد بەڕێوەبەرى شارەدێى وەرتىَ بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئێستە فرۆكەیەیكی توركیا بۆردمانى ناوچەى كورتەك /490 كم باكوری رۆهەڵاتی بەغدا/ سەر بەشارەدێی سەنگەسەریان كرد، بەڵام بەپێى سەرچاوەیل بۆردمانەكە زیانى گیانى نەبووە.

ئاماژەی كرد، باڵەفڕەیل بەئاسمانى گوندەكانى بۆكریسكان، گۆجار، پردەشاڵ و زارگەلى و ناوچەیلی سنووری شارەدێى وەرتێدا دەسووڕێنەوە، بەڵام لەو سنوورە هێشتە بۆردمانى هیچ شوێنێكیان نەكردووە.

ئیسماعیل عەبدوڵا موختارى گوندى زارگەلی سەر بەشارەدێى وەرتێ بە(ئاكانیوز)ی گوت، تازە خەریكە ژمارەیەك ماڵباتى ئاوارەى ئەو گوندەیلە بگەڕێنەوە شوێنى خۆیان، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بەوشێوە بێ، هیچ ماڵباتێك لە ترسى بۆردمانى باڵەفڕەیل ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، مناڵەكانیشمان لە خوێندن بىَ بەش دەبن.

شارەدێی وەرتێ /30 كم باكوری رۆهەڵاتی رواندز/ لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەى رواندزە، لە (20) گوند پێك هاتووە، بەپێى ئامارێكى ساڵى 2009 گوندى زارگەلى 40 ماڵبات و 236 كەسە، پردەشاڵ 24 ماڵبات و 112 كەسە، بۆكریسكان 30 ماڵبات و 240 كەسە كە سەر بەو شارەدێیەن.
Top