وەزارەتی پێشمەرگە: مانۆڕی سەربازیی ئێران مەترسیی بۆ هەرێم نییە
ئەنوەر عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئەمڕۆ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازی لەلایەن سوپای ئێرانەوە لە سەر سنووری هەرێمی كوردستان هیچ مەترسییەكی ئەوتۆی لەسەر هەرێم نابێ، شیمانە دەكرێ سازدانی مانۆڕەكەش بۆ پیشاندانی توانای سەربازیی ئێران بێت بەرامبەر ئەمەریكا.
روونی كردەوە، بەدووری دەزانین هێزەكانی سوپای ئێران هیچ هێرشێكی سەربازیی زەوینی یاخۆ ئاسمانی دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن، چونكە ئێستە سوپای ئەمەریكا ئەركی پاراستنی خاكی عێراقی لە ئەستۆ دایە، رەنگە لە هەندێك ناوچەی قەندیل توانا سەربازییەكانی خۆیان دەربخەن، هەروەها بەشێكی ئەو مانۆڕە بۆ پیشاندانی توانا سەربازییەكانە لە ناوەخۆی ئێران.
عوسمان گوتی، \""لەگەلأ ئەوەشدا سوپای ئێستەی ئێران لە سوپای پێشووی رێژیمی لێخراوی بەعس زیاتر نییە تا مەترسیی گەورەی لەسەرمان هەبێ، وێڕای ئەوەش خۆ ناكرێ ئەو هێرش بكا و ئێمەش پێی بڵێین وەرە ئێرەش خاكی خۆتە داگیری بكە، یان دەستەوەستان بوەستین\"".
ئەمڕۆ سێشەم هێزەكانی ئاسمانیی ئێران رایان گەیاند، دەستیان بەمانۆڕێكی \""بەرگریی سەربازی\"" لە رۆئاوای ئێران كردووە كە ناوچە سنوورییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و 10 رۆژ بەردەوام دەبێ، بەهۆیەوە سەرجەم باڵەفڕە شەڕوانییەكانی سوپای ئێرانی لە هەموو بەشەكانی سوپای پاسداران و سوپای نیشمانی (ئەرتەش) تاقی دەكرێنەوە و بەشدارن.
ئەو مانۆڕە ئاسمانییەی سوپای ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كە 10 رۆژ بەردەوام دەبێ، هاوكاتە لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییە تەناهییەی كە زیاتر لە 50 رۆژە بەهۆی تێك هەڵچوونی هێزەكانی ئێران و توركیا لەگەڵ پژاك و پەكەكە ناوچەكەی گرتووەتەوە."
