سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی دایکانی ئاشتی کرد

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی دایکانی ئاشتی کرد
ئەمڕۆ دکتۆر کەمال کەرکوکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەنووسینگەی تایبەتی خۆی لە تەلاری پەرلەمان پێشوازی لە شاندێکی دایکانی ئاشتی کرد.

بەپێی راگەیندراوێکی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە دانەیەکی ئاڕاستەی ئاژانسی پەیامنێر کراوە تیایدا هاتووە: لەدیدارەکەدا ئەندامانی شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە دیداری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەو پێشوازیە گەرمە نیشان دا و ئاماژەیان بەوە کرد هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە بە دەنگی بەرز دنیا ئاگەدار بکرێتەوە کە تەنها ئاشتی رێگای دروستی چارەسەری کێشەکانە و بە تۆپباران و بۆمبارانی فرۆکە جەنگیەکان کێشەکان چارەسەر ناکرێن، بۆیە گرتنە بەری رێگە چارەی دروستی ئاشتی بەسوودی گشت لایەکە و شەڕ، زەرەر و زیانی زۆر توشی هەموو لایەک دەکات و گەر ئێستاش ئەو هێرش و بۆردومانانە رابوەستێت قازانجە، هەروەها داوایان کرد بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەسەر هەوڵە ئاشتیخوازەکانیان دا بەردەوام بن.

لەبەرامبەردا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنی کردن و رۆڵی دایکانی کوردی لەمێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان و هەموو قۆناغە سەختەکانی خەباتدا بەرز و زۆر پیرۆز هەڵسەنگاند، پاشان ئاماژەی بە هەوڵە دیبلۆماسیەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندارەکانی هەرێمی کوردستان کرد لەکارکردنیان بۆ راگرتنی ئەو بۆردومان و تۆپبارانانە کە بەهیچ جۆرێک خزمەتی هیچ لایەک ناکات و دەبێ پەنا ببرێتە بەر رێگا چارەی ئاشتیانەو پێویستە ئەو کێشانەی هەیە بە دیالۆگ و گفتوگۆی کراوەو دوور لەتوند و تیژی چارەسەر بکرێت چونکە بە ئەزموون سەلمێنراوە چەک و تۆپباران و بۆردومانی فرۆکە جەنگیەکان هەمیشە ئاستەنگ و ئاڵۆزی بەردەم چارەسەرکردنەکان بوەو دەخوازین ئەو کێشانەش بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و ئەوەشی راگەیاند کە سەرۆکایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ ئەوەی لایەنەکان رێگەی ئاشتی بۆ چارەسەری کێشەکانیان بگرنە بەر.
Top