هاوڵاتیانی جەلەولا بە شێوەی قاچاخ ناوچەکە بە جێ دەهێڵن
لەمبارەیەوە بەرێوەبەری شارەدێی جەلەولا ئەنوەر حوسێن بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: هەر هاوڵاتییەکی سنووری جەلەولا بیەوێت ناوچەکە بەجێبهێڵێت دەبێت پێشتر لەو شوێنەی کە بۆی دەچێت رەزامەندی بهێنێت، ئەوکات بەرێوەبەرایەتی شارەدێی جەلەولاش رەزامەندی بە کۆچکردنی خێزانەکە دەدات و لە بەر ئەوەی زۆربەی ئەو خێزانە بە تایبەتی خێزانە کوردەکان بەرەو ناوچەکانی کەلار و کفری و شارەدێی رزگاری و ناوچەکانی دیکەی هەرێم کۆچدەکەن، بۆیە لە لایەن ئەو ناوچانەوە رەزامەندییان پێ نادرێت و لە بەرامبەردا ئەمانیش ناتوانن مۆڵەتی رێگە پێدان بەو خێزانانە بدەن کە کۆچ دەکەن.
وتیشی: لە ئێستادا زۆربەی ئەو خێزانانەی کۆچدەکەن، بە شێوەی قاچاخ و بە نهێنی کۆچ دەکەن و بە رێککەوتن لە گەڵ بازگەکانی پشکنین دەربازدەبن.
حوسێن راشیگەیاند: لە راستیدا رێگە نەدرێت بە هاوڵاتیان باشترە، چونکە وردە وردە ناوچەکە کوردی تیادا نامێنێت و عەرەبی شۆڤێنی شوێنیان دەگرێتەوە و ئەمەش لە داهاتوودا بە زیانی گەورەی میللەتی کورد دەشکێتەوە.
