وتەبێژی پارتی: نامەكەی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆكی هەرێم ئەو چوار بڕیارەی لێ كەوتەوە و تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن زۆر بەرپرسیارانە هەڵسوكەوتیان كردووە
جەعفەر ئیمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان: تا ئێستا ئۆپۆزسیۆن زۆر بەرپرسیارانە هەڵسوكەوتیان كردووەو ئەم ئارامیەی ئێستا كە لە كوردستان هەیە بە تێگەیشتنێكی هاوبەش بووە لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و وای بۆ دەچین ئێستاكە كەشوهەوای سیاسی زۆر لەبارە نەك تەنیا بۆ دەست پێكردن بە دانوستاندن، بەڵكو دانوستاندن بەرەو سەركەوتن ببەین، بێگومان چوار بڕیارە گرنگەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش فاكتەری گرنگە بۆ گەڕانەوەی متمانە بە یەكتر و گەیشتن بە باوەڕێك بەوەی تەنیا لە ڕێگای دانوستاندنەوە دەتوانین بگەینە ئەنجامی دڵخۆشكەر، بۆ ئەم قۆناخە هەر چوار بڕیارەكەی سەرۆك لە ڕووی ناوەڕۆكەوە گرنگی تایبەتی بۆ گشت خەڵكی كوردستان هەیە، نەك تەنیا بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن كە تێیدا چەسپاندنی یاسا و سەروەریی یاسایی ئامانجی سەرەكی ئەم چوار بڕیارەیە. هاوكات سیستەمی دادوەری بەرەو پێشەوە دەبات و كاریگەری زیاتری بۆ بەڕێوەبردنی سەر ژیانی هاووڵاتیان دەبێت، ئەمەش لەم واقیعەوە سەری هەڵداوە ژیانی هاووڵاتیان لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. هەربۆیە دەبێت دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و گشت دەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ئاستە دابێت كە خزمەت بە ژیانی هاووڵاتیان بگەیەنێت، هەر بۆیە رێز لە هەموو داواكاری و بڕیارێك دەگرین كە لە خزمەت هاووڵاتیانی كوردستان دابێت. لەلایەكی دیكەش ئەوەی جێگەی ئومێد و دڵخۆشییە ئەوەیە كە هەموو كاتێك خەڵكی هەرێمی كوردستان متمانەیان بە دەستپێشخەرییەكانی سەرۆك بارزانی هەبووەو ئێستاش متمانەیان هەیەو جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش درێخی نەكردووە كە زەمینە خۆش بكات بۆ هەموولایەن و هێزە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی سیاسی خۆیان بە چالاكی و بەكارایی ببینن و پێشتریش داوایەكی واهەبوو كە زەمینەیەكی لەبار دروست بكرێت بۆ ڕەواندنەوەی ئەو لایەنە دەروونییەی كە دروست بووەو هەمووكات جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەوڵی ئەوەدابووە كە زەمینەیەكی لەبار بۆ هەموو لایەنەكان بڕەخسێنێت، بۆیە جارێكی تر مەزندە دەكرێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان میوانداری سەركردەی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بكات و هەموو ئەو گرژی و دووركەوتنانەی هەبووە لەلایەن سەرۆك بارزانیەوە بەئاسایی وەرگیراوەو دەیەوێت بە زووترین كاتیش زۆر بە ئاسایی هەموو لایەنەكان گرژی لەنێوانیان نەمێنێت و لێك نزیك ببنەوە بۆ هێمنی و ئاسایشی كوردستان و بەرقەراری و سەروەریی یاسا، هەر بۆیەش لەهەموو كات و ساتێكدا جەنابیان هەوڵیداوە بەزووترین كات و بە باشترین شێوە كۆسپ و ناخۆشی لەنێوان لایەنەكان نەهێڵێت و دانوستانەكان ئەنجام بدرێت و دەرئەنجامی سەركەوتووانەیان هەبێت و هەوڵیداوە هەموو كاتێك هەموو لایەنەكان لەكاری سیاسی و پاراستنی هەرێم و بەرقەراری ئاسایشی ڕۆڵی خۆیان بەباشی ببینن، لەلایەكی ترەوە هێزی سیاسی بۆ ئەوەیە خزمەت بە سیستەم بكات لە ڕێگای سیستەمەوەش خزمەت بە هاووڵاتیان بكرێت، دەبێت ئەوەش بزانین ئەزموونی ئەم دەسكەوتەی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامی دیالۆگ و گفتوگۆ و چالاكییە مەدەنییەكانەوە بونیاد نراوە).
