بەبۆنەی جەژنەوە پەكەكە چالاكییەكانیان رادەگرن
ئەحمد دەنیز ئەمڕۆ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بەبۆنەى هاتنى جەژنى رەمەزانەوە، هەپەگە پیرۆزبایى لە كوردان و تەواوى مسوڵمانانى دنیا دەكا و بەو بۆنەیەشەوە بڕیاری داوە لە رۆژانى جەژندا هەموو چالاكییەكانى رابگرێ.
دەنیز گوتى، سەرەڕاى هێرش و پەلامارەكانى توركیا بۆسەر هێزەكانمان، بەڵام ئێمە تا ئێستە بڕیارى شەڕمان وەرنەگرتووە.
لەبارەى پلانى پەكەكە لە دواى جەژنى ڕەمەزانەوە، گۆتیارەكەى پەكەكە ئاماژەى كرد، پلانەكانیان لەسەر هەڵوێستى هێزەكانى تور كیا وەستاوە و ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە هێرشەكانیان، ئەوە پەكەكە ناچار دەبێ بەرگرى لەخۆی بكا.
دەنیز ئاماژەی كرد، توركیا خەریكی ئامادەسازییە و رۆژانە لە ناوچە سنوورییەكان جووڵە بەهێزەكانی دەكا و ئامادەسازی بۆ هێرشێكی زەوینی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێم دەكات،
یەكشەمی رابردوو باڵەفڕە شەڕوانییەكانی توركیا لە گوندی كورتەكی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر/490 كم باكوری رۆهەڵاتی بەغدا/ ئۆتۆمۆبێلێكی مەدەنییان كردە ئامانج و بووە هۆی كوژرانی 7 كەسی خێزانێك كە دەچوون بۆ سەر باخ و رەزەكەیان لەو ناوچەیە، ئەو رووداوە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لێ كەوتەوە.
پاش ئەوەى لە 6ى ئاب/ئۆگستسی ساڵی رابردوو عەبدوڵا ئۆجەلان رابەرى پارتى كرێكارانى كوردستان \""پەكەكە\"" پەیامێكى بۆ موڕاد قەرەیڵان بەرپرسى دەستەى سەرۆكایەتى كۆما جڤاكێن كوردستان \""كەجەكە\"" نارد و بەپێى پەیامەكە، ئاگربەستى یەكلایەنەى راگەیاند تا 20ى ئەیلوول/سێپتێمبەر 2010، لەو كاتەوە تا ئێستە ئەو بڕیارە هەر كاری پێ دەكرێ و نوێ كراوەتەوە.
بۆ هەمیشەییكردنى بڕیارى ئاگربەستەكە، \""پەكەكە\"" 4 مەرجى خستە بەردەم حكوومەتى توركیا لەمانە ئازادكردنى 1700 ئەندامە گرتییەكانى، كەمكردنەوەى رێژەى دەنگدان لە 10% بۆ 7% و خۆشكردنى زەوینە بۆ دامەزراندنى سیستەمی ئۆتۆنۆمى دیموكراسى بۆ ناوچە كوردنشینەكان.
لە 17ی ئەم مانگەوە ئاب/ئۆگستس سوپای توركیا لە گەڕێكی نوێدا بەبیانووی بوونی چەكدارانی پەكەكە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەكان دەست پێ كردووەتەوە، هەروەها زیاتر لە مانگێكە ئێران بەهێزێكی بەربڵاو كە بە 20 هەزار سەرباز دەخەمڵێنرێ، بەناوی لێدانی چەكدارانی پژاك بەتۆپ و هێزی ئاسمانییەوە هێرشیان كردووەتە سەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، ئەو دۆخەیلە كوژرانی زیاتر لە 150 كەسی لایەنەكانی شەڕی لێ كەوتووەتەوە، جگە لە ئاوارەبوونی سەدان ماڵبات لە بناری قەندیل."
