تۆبباران بەردەوامە..
فرۆكە جەنگیەكانی توركیا لەبۆردومانكردن وەستاون
ئەحمد دەنیز وتەبێژی پارتى كرێكارانى كوردستان بە (ئاكانیوز)ى گوت ماوەی 3 رۆژە دۆخی ناوچە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان بەتایبەتی لە چیای قەندیل جێگیرە و هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا وەستاون، بەڵام تۆپباران درێژەی هەیە، بەتایبەتی لە ناوچەكانی خنێرە و خواكۆڕك و ناوچەى دەوروبەرى وەرتىَ و ناوچەى ئامێدى، هەروەها بەبەردەوامی باڵەفڕە سیخورییەكان بەچیاكانى قەندیلدا دەسووڕێنەوە.
دەنیز روونی كردەوە ئێستە توركیا خەریكى ئامادەسازییە و رۆژانە جووڵە بەهێزەكانی لە ناوچە سنوورییەكان دەكات و خەریكی ئامادەسازییە بۆ هێرشێكى زەوینى بۆ سەر ناوچە سنوورییەكانى هەرێم.
لەبارەى ئەو بەیاننامەی سوپای توركیا كە تێیدا ئاماژەی بەكوژرانی 100 چەكدار و برینداركردنی 80ی تر دابوو، گۆتیارى پارتى كرێكارانى كوردستان گوتى \""ئەو لێدوانانە لە سەرەوە تا كۆتا درۆن و ڕاستییەوە دوورن، لە راستیدا تەنیا 3 گەریلا و 7 هاووڵاتیی سڤیل هاتوونەتە كوشتن، لە زۆربەى ناوچەكاندا پەكەكە لە دۆخی شەڕكردن دابووە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زەرەر و زیانێكی گەورە بەر سوپای تورك كەوتووە\"".
ئەوەشی روون كردەوە \""سوپای تورك جگە لە شەهیدكردنى 7 هاووڵاتیی سڤیل زیانى زۆرى بەناوچە سنوورییەكانى هەرێمى كوردستان گەیاندووە، باخ و باخچە و دارستان سووتێنراون\"".
سێشەمی رابردوو سەركردایەتیی سوپای توركیا لە بەیاننامەیەكدا كوژرانی 100 چەكداری سەر بەپارتی كرێكارانی كوردستانی لە ئەنجامی كردوەكەكانی ئەم دوایییە راگەیاند.
لە 17ی ئەم مانگەوە فرۆكە جەنگیەكان و تۆپخانەكانی توركیا دەستیان بەبۆردمانی ناوچەی سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و بەپێی بەیاننامەكەیان تا ئێستە 352 پێگەی پارتی كرێكارانی كوردستان \""پەكەكە\""یان كردووەتە ئامانج.
یەكشەمی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی سوپای توركیا بۆ سەر ئۆتۆمۆبێلێك لە گوندی كورتەك سەر بەشارەدێی سەنگەسەر لە باژێڕی قەڵادزێ /باكوری رۆهەڵاتی سلێمانی/، 7 هاووڵاتیی سڤیل هاتنە كوشتن كە 6یان سەر بەیەك ماڵبات بوون.
هێرشەكانی توركیا دوای ئەوە دێ كە زیاتر لە چەند رۆژێكە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ئارامی بەخۆیانەوە دەبینن، دواى ئەوەی بۆ ماوەى زیاتر لە مانگێك بەخەستی لەلایەن ئێرانەوە بۆردمان كران."
