په‌رله‌مانی كوردستان هه‌لوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌بۆردومانكردنى ناوچه‌ سنوریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ راگه‌یاند

په‌رله‌مانی كوردستان هه‌لوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌بۆردومانكردنى ناوچه‌ سنوریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه‌ راگه‌یاند
سه‌عات 11ی دوىنى شەو 25/8/2011 به‌سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و فه‌رسه‌ت ئه‌حمه‌د سكرتێری په‌رله‌مان، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ 5ی نائاساییی خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردن – له‌ساڵی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ به‌رده‌وام بوون بوو له‌سه‌ر خستنه‌روو گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بۆردومانكردنى ناوچه‌ سنوریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى توركیاوه‌.

پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى په‌رله‌مانه‌وه‌ داوا له‌ لێژنه‌ى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان كرا بۆ راگه‌یاندنی هه‌لوێستی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌بۆردومانی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا دیاری كرا.

دوای راگه‌یاندنی هه‌لوێستی په‌رله‌مان ، سه‌رۆكی په‌رله‌مان خستیه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌منتاران وه‌كوخۆی قبول كرا و دواتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی راگه‌یه‌نراوی دوا هه‌لوێستی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ سه‌باره‌ت به‌بۆردوومانی فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆ ناوچه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان:

به‌ له‌به‌رچاو گرتنى ئه‌و رووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ى كه‌ به‌ هۆى بۆمبارانى فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى كۆمارى توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام دراو له‌ئاكامدا چه‌ندین شه‌هید و بریندارى لێكه‌وته‌وه‌ ئه‌مه‌ وێراى ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوونى هاووڵاتیانى سڤیل و گوندنشینه‌ سنووریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سوتاندنى ره‌ز و باخ و كوشتنى مه‌ڕو ماڵاتیان و تێكچوونى بارو گوزه‌رانى ژیانى ساده‌ و ساكاریان و كاریگه‌رى نه‌رێنى به‌سه‌ر ده‌روونى هاووڵاتیان و ژینگه‌ى ناوچه‌كه‌ و تێكدانى پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان.

په‌رله‌مانى كوردستان دانیشتنى ژماره‌ (5) ى نا ئاسایی خۆى له‌ رۆژى 25/8/2011، ئه‌نجامدا، تایبه‌ت به‌ خستنه‌ روو گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر بۆردومانكردنى ناوچه‌ سنووریه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى كۆمارى توركیاوه‌، دواى گفتوگۆ و پێشنیارى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵوێستى خۆى راگه‌یاند:

1- په‌رله‌مانى كوردستان پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی خۆى بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان و قوربانیانى ئه‌و بۆردومانانه‌ راده‌گه‌ێنێ و هیواى چاكبونه‌وه‌ى به‌ په‌له‌ش بۆ برینداران ده‌خوازێ.

2- به‌توندى ئیدانه‌ و مه‌حكوومى ئه‌و پێشێلكاریه‌ ئاشكراو به‌رچاوانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌سنوورى هه‌رێمى كوردستانى عیراق، له‌لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى توركیا روویان داوه‌.



3- داوا له‌حكومه‌تى عیراقى فیدرال ده‌كه‌ین، داوا له‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و دادگا نێو ده‌وڵه‌تیه‌كان بكات، بۆ ئه‌وه‌ى بریارى گونجاو له‌باره‌ى پێشێل كردنى سه‌روه‌رى خاكى هه‌رێمى كوردستانى عیراق له‌لایه‌ن فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانى توركیا وه‌ربگرن، كه‌ بۆته‌ هۆى شه‌هیدبون و برینداركردنى خه‌ڵكى بێ دیفاع.



4- داوا ده‌كه‌ین هه‌رچى بنكه‌ى سه‌ربازى و هه‌واڵگرى له‌سه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ نه‌مێنن و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو خاكى خۆیان و رێز له‌سه‌روه‌رى خاكى هه‌رێمى كوردستان بگرن.



5- داوا ده‌كه‌ین حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌رێگه‌ى حكومه‌تى عیراقى فیدراڵه‌وه‌ سكاڵا دژ به‌ ده‌وڵه‌تى توركیا له‌ دادگاى لاهاى نێوده‌وڵه‌تى تۆمار بكات.



6- حكومه‌تى توركیا به‌فه‌رمیی داواى لێبوردن له‌گه‌ل و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بكات و قه‌ره‌بووى خێزان و خه‌ڵكه‌ زیان لێكه‌وتوه‌كان بكاته‌وه‌.

7- داوا ده‌كه‌ین لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان به‌رێگه‌ چاره‌ى ئاشتیانه‌ و دیالۆگ و دیبلۆماسیانه‌ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و خاكى هه‌رێمى كوردستان نه‌كه‌نه‌ گۆڕه‌پانى به‌ كارهێنانى هێزى سه‌ربازى و چه‌كدارى بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه‌كانیان و رێز له‌سه‌روه‌رى خاكى هه‌رێمى كوردستانى عیراق بگرن.

8- داوا له‌ به‌رێز سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عیراقى فیدراڵ ده‌كه‌ین، هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌ چاره‌یه‌كى ریشه‌یى بۆ ئه‌و كێشه‌ سنوریانه‌.

9- له‌حاڵه‌تى به‌رده‌وامبوونى هێرشه‌كاندا حكومه‌تى هه‌رێم چاوخشاندنه‌وه‌و پێداچونه‌وه‌، به‌ په‌یوه‌ندى و سیاسه‌ته‌ ئیقلیمیه‌كانى خۆى بكاته‌وه‌.

10- له‌ سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عیراقى فیدراڵ پێویسته‌ به‌خێرایى به‌ هاناى خه‌ڵكه‌ ئاواره‌ و زیانلێكه‌وتوه‌كانى ناوچه‌ بۆردومانكراوه‌كان بچن و قه‌ره‌بووى زیانلێكه‌وتوه‌كان بكه‌نه‌وه‌و چاره‌سه‌رى گرفته‌ ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و خزمه‌تگوزاریه‌ كانیان بكه‌ن.

11- لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان پێویسته‌ هه‌ر یه‌كه‌ و به‌پێى تایبه‌تمه‌ندیى كاره‌كانیانه‌وه‌، به‌ دواداچوون بۆ ئه‌و بارودۆخانه‌ بكه‌ن و دیراسه‌یه‌كى وورد ئاماده‌ بكه‌ن و ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى بكه‌ن.



په‌رله‌مانى كوردستان

25/8/2011
Top