نێچیرڤان بارزانی وەك نوێنەری هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێرانی كۆ دەبێتەوە
بەپێی سەرچاوەگەلی هەواڵ، نێچیرڤان بارزانی بەنوێنەرایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ئەحمەد سالح سەرۆكی حكوومەتی هەرێم شەوی رابردوو گەیشتە باڵەفڕگەى نێودەوڵەتیی مێهرئابادی تاران.
وەك سەرچاوەكە ئاماژە دەكا، ئەم سەردانەی بارزانی پێوەستە بەدۆخی ئێستەی هەرێم و ناوچە سنوورییەكان، هەروەها بۆ گەڕانەوەی تەناهیی هەرێم و چارەسەركردنی كێشە سنوورییەكان بەڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و سەروەریی خاكی یەكتری ئەنجام دەدرێ.
هەر پێوەست بەو باسەوە، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان لەبارەی گەڕی نوێی تۆپبارانی سنوورەكانی هەرێم لەلایەن ئێران و هێرشەكانی توركیا دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دا.
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەم نێچیرڤان بارزانی و شاندی هاوڕێی لەگەڵ مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەركۆماری ئێران، سەعید جەلیلی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای تەناهیی نەتەوەیی و عەلی ئەكبەر ساڵحی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دیدار ئەنجام بدەن، بەپێی سەرچاوەكە.
-ئاكانيوز
