لەدژی بۆردومانی سەر هاوڵاتیان
خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بۆ بەردەم كونسوڵخانەی توركیا لەهەولێر بەڕێوەچوو
بە بەشداریی سەدان رێكخراوی ناحكوومی و هەزاران كەس لە دژی بۆردمانكردنی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە خۆپێشاندانێكیان بۆ بەردەم كونسوڵگەی توركیا لە هەولێر دەستی پێ كرد.
خۆپێشاندەران لە چوارڕیانی عەنكاوە بە بەرزكردنەوەی دەیان دروشمی وەك \"هیچی تر رێگە نادەین خوێنى گەلەكەمان بڕژێ\""، \""نا بۆ تۆپبارانكردنی سنووری خاكی كوردستان\"" و \""با بەس بێت تۆپباران كردنی ناوچە سنوورییەكانی كوردستان\"" ، \""ئازادی بۆ كوردستان\"" بەرەو بارەگەی كونسوڵگەر توركیا لە شەقامی گوڵان پێشڕەویان كرد.
سیروان گەردی وەك یەكێك لە سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندانەكە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند لەم خۆپێشاندانەدا كە كەمپینی رێكخراوە ناحكوومییەكانی هەرێمی كوردستان رێكی خستووە، پتر لە 200 رێكخراوی ناحكوومیی و كەسایەتی و هاووڵاتی ئاسایی بەشدارییان تێدا كردووە.
هەروەها گوتى خۆپێشاندەران بە شێوەیەكی هێمنانە لە بەردەم كونسوڵگەی توركیا كۆ دەبنەوە و داوا لە كونسوڵگەری توركیا دەكەین كە نارەزایی و داواكارییەكانی ئێمەی خۆپێشاندەر بگەیەنێتە دەسەڵاتدارانى توركیا بۆ ئەوەی بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان رابگرن.
جەختیشى كرد تا ئەو كاتەى توركیا و ئێران گوێ بە داواكاری و ناڕەزاییەكانی خەڵكی كوردستان دەدەن لە هەڵوێست و ناڕەزاییەكانیان بەردەوام دەبن.
ئومێد خۆشناو وەك یەكێكی تر لە سەر پەرشتیارانی خۆپێشاندەران گوتى كەمپینەكە بەیاننامەیەكی ناڕەزایی ئاراستەی هەر دوو كونسوڵگەى توركیا و ئێران دەكات، تێیدا داوامان لەو دوو وڵاتە كردووە هەرچی زووە كار بۆ راگرتنی بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن.
گوتیشی\"" هەمان بەیاننامە ئاراستەی سەرۆكایەتیی كۆمار و پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە دنیادا دەكەین، بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆ بخەنە سەر ئەو دوو وڵاتە بۆ راگرتنی شاڵاوەكانیان بۆ سەر هەرێمى كوردستان.
لەناو خۆپیشاندانەكە گروپێك جیا لە رێرەوی ئاسایی خۆی دروشمی توندیان بەرز دەكردەوە كە بووە جێی ناڕەزایی رێكخەرانی خۆپیشاندانە، ئەندامێكی رێكخراوه مەدەنییەكان بە گوڵان-میدیای راگەیاند: ئێمە دروشمێكی ئاشتیانە و روونمان هەیە و نامانەوێ شتێك بكەین كە زیان بەهەرێمی كوردستان بگەیەنێت.
وتییشی ئێمە توانیمان هەرچۆنێك بێك خۆپیشاندانەكە بەهێوری تەواو بكەین نەیەڵین ئاڵای وڵاتان بسوتێندرێ، بەشێوەیەكی زۆر مەدەنیانە خۆپیشاندانەكە كۆتایی پێ هێنرا.
یەكشەمى رابردوو باڵەفڕێكى توركى بۆردمانى ئۆتۆمۆبێلى هاوڵاتیەكى لە گوندى (كورتەك)ى سەر بە شارەدێى سەنگەسەر لە بنارى قەندیل كرد و بەهۆیەوە هەر حەوت سەرنشینەكەى كوژران كە لە یەك خێزان بوون، كە ژنێك و سێ منداڵیان لەنێودا بوو، كە تەمەنى یەكێكیان 6 مانگە، ئەوەیش شەپۆلێكى ناڕەزایى بەرفراوانى لە شەقامى كوردیدا دروست كردووە.
لاى خۆیەوە دوێنێ سێشەم مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە بەیاننامەیەكدا وێڕاى سەركۆنەكردنى ئەو پەلامارە، داواى كرد توركیا و ئێران رێگەى ئاشتى و دیالۆگ بۆ چارەسەرى كێشەكانیان بگرنە بەر، داوایشى لە پەكەكە و پژاك كرد خاكى هەرێمى كوردستان لەدژى ئەو دوو وڵاتە بەكار نەهێنن و بیانوو نەدەنە دەستیان بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمى كوردستان."
