ئاڵای توركیا سوتێنرا..
لە سلێمانی خۆپێشاندان دژی بۆردمانی توركیا و ئێران بەڕێوە چوو

ئاڵای توركیا سوتێنرا..<br />لە سلێمانی خۆپێشاندان دژی بۆردمانی توركیا و ئێران بەڕێوە چوو
دوێنێ شەو سات 21 بۆ 22:30 خولەك لە شەقامی سالم بۆ بەردەم پاركی ئازادی لە شاری سلێمانی ژمارەیەك هاووڵاتی كە بە 200 خۆپێشاندەر مەزەندە دەكرا و هاوڵاتیی هەر چوار پارچەی كوردستانی تێدا بوو، خۆپێشاندانێكیان دژ بە بۆردمانی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیا و ئێرانەوە ساز دا و بەیاننامەیەكیان بۆ ئەو مەبەستە خوێندەوە.

خۆپێشاندانەكە بە بەرزكردنەوەی وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان و سووتاندی ئاڵای توركیا دەستی پێ كرد.

دواتر خۆپێشاندەران بەیاننامەیەكیان خوێندەوە كە تیایدا هاتبوو \"ئەم تۆپبارانكردنە بووەتە هۆی زەرەر و زیانێكی زۆری مادی و گیانی هاووڵاتیان و گوندنشینانی ناوچە سنوورییەكان و ناچاری كردوون شوێن و ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بێڵن، ئەمەش دوورە لە هەموو بەهایەكی دراوسێیەتی و مرۆیی و سیاسی و نێودەوڵەتی\"".

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا خۆپیشاندەران داوایان لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كرد بە رژدی بێنە ناو پرسەكە و لە رێگەی كارتەكانی پاڵەپەستۆوە توركیا و ئێران ناچار بكەن كۆتایی بێنن بەم بۆردمان و خوێنڕێژییانەی كە ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە دەرهەق بە هەرێمی كوردستان دەیكەن.

كۆسار مەحموود، یەك لە هەڵسوڕێنەرانی خۆپَیشاندانەكە بۆ (ئاكانیوز) گوتی هیچ كات هێندەی ئێستە كورد لە هەرێمی كوردستان بێ پشت و پەنا نەبووە، لەلایەك شۆڤێنییە عەرەبەكانی ناوچە دابڕاوەكان خەریكی تیرۆركردنی كوردن، لەلایەكی ترەوە وڵاتانی دراوسێ خەریكی بۆردمانكردنی وڵاتەكەمانن، پێویستە هەستی نیشتمانیمان بجووڵێت و بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان ببینەوە نەك وەك ئەو خەمساردییەی لەلایەن دەسەڵاتەوە هەستی پێ دەكرێت.

لەبارەی سوتاندنی ئاڵای توركیاشەوە، مەحمود گوتی \""توركیا منداڵ و ژن و پیرەمێردی ئێمە دەكوژێت، ئیدی چۆن ئەو گەنجانە تووڕەنابن و ئاڵا و پیرۆزیی ئەو وڵاتە ناسووتێنن\"".

محەمەد مستەفا یەكێك لە گەنجانى بەشداری خۆپێشاندانەكە بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، ئێران و توركیا رەچاوى هیچ مافێكى دراوسێیەتى ناكەن، بۆیە هاتووینەتە سەر ئەم شەقامە بۆ ئەوەى بەهەردوو وڵات بڵێن كە ئێمە ناڕازین لە كردەوەكانتان و كوشتوبڕى هاووڵاتییەكانمان.
یەكێكى تر لە لاوانى خۆپیشاندەر كە بە كاردۆ كەریم خۆی ناساند بە(ئاكانیوز)ى گوت \""پێویستە حكوومەتەكانى هەرێم و عێراق هەڵوێستى توند وەربگرن لە بەرامبەر ئەم 2 دەوڵەتە كە ساڵانە بەئارەزووى خۆیان هێرش دەكەنە سەر هەرێمى كوردستان و هاووڵاتییەكانى ئاوارە و شەهید دەكەن\"".

لەبارەى سووتانى ئاڵای توركیاشەوە گوتى \""ئەو ئاڵا سووتاندنە ئەوپەڕى ناڕەزایەتى دەربڕینە بەرامبەر بەهەر وڵاتێك، بەڵام دەبىَ توركیا باش بزانىَ كە لە كاتى ئاشتى و گفتوگۆدا بەو ئاڵایە هەولێرى پایتەخت رازێنراوەتەوە و لە كاتى ناڕەزایەتیشدا بۆى دەسووتێنین، چونكە خوێن و ژیانى هەر كوردێك وەك ئاڵا لامان بەنرخە\"".

رۆژى 21ی ئەم مانگە باڵەفڕە شەڕوانییەكانی توركیا لە گوندى كورتەكی سەر بە شارەدێی سەنگەسەر/490 كم باكوری رۆهەڵاتی بەغدا/ ئۆتۆمۆبێلێكى مەدەنییان كردە ئامانج و بووە هۆى كوژرانى 7 كەسى خێزانێك كە دەچوون بۆ سەر باخ و رەزەكەیان لەو ناوچەیە.

ساڵانە بەجیا هەریەكە لە ئێران بەبیانووى لێدانی بنكە و بارەگاكانی چەكدارانى پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) و توركیا بەبیانووی لێدانی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەو هۆیەوە جگە لە ئاوارەبوونى ژمارەیەكى زۆرى هاووڵاتییانى گوندە سنوورییەكان، زیانی جۆراوجۆریان لە سامانى ئاژەڵ و بەروبوومى ئاژەڵى و كێڵگەیى ئەو سنوورانە داوە."
Top