تۆپخانەكانى ئێران و توركیا بە چڕى بۆردمانى سنوورى شارەدێی سیدەكان دەكەن

تۆپخانەكانى ئێران و توركیا بە چڕى بۆردمانى سنوورى شارەدێی سیدەكان دەكەن
ئەمڕۆ شەموو سەرچاوەیەكى سەربازی لە شارەدێى سیدەكانی سەر بە شارۆكەی سۆران لە پارێزگەی هەولێر راى گەیاند، شەوى رابردوو توركیا و ئێران لە یەك كاتدا بە چڕى بۆردمانى چەند ناوچەیەكى نێزیك لە شارەدێیەكەیان كردووە.

محەمەد حوسێن بەرپرسى یەكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە سیدەكان بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند \"شەوى رابردوو سات 21:45 جارێكی تر تۆپخانەكانى ئێران و توركیا بەچڕى بۆردمانى ناوچەكانى (زنجیرە چیاى بەربزین، دۆڵى تەوەن، دۆڵى خاتوون، گەرووى سینگا، سەرى هاجەر، بێركمە، لێڕى ئاڵان، گردخیوەت، خۆشكا، پشتى گوندى هێردن) كردەوە و بەو هۆیەوە ئاگرێكى گەورە لە دۆڵى شێوەن كەوتووەتەوە\"".

زیاتر گوتى \""ئەو شوێنانەى بۆردمان كراون، زۆر نێزیكن لە ناوەندى شارەدێى سیدەكان، تەنیا 4 كم دوورە، ئێستە ئەو ماڵانەى لە كوێستانى گوندى بەربزینن لەبەر بۆردمانەكە بار دەكەن، بەڵام زیانەكانى بۆردمان جارىَ نەزانراون\"".

ئێران و توركیا بەبیانووى هەبوونى چەكدارانى پارتى كرێكارانى كوردستان (پ.ك.ك) و پارتى ژیانى ئازادی كوردستان (پژاك) ناوچە سنوورییەكان بەتۆپ و باڵەفڕی شەڕوان بۆردمان دەكەن و تا ئێستە زیانى گیانى و مایەكى زۆریان بەناوچەكە گەیاندووە، سەرەڕاى ئاوارەبوونى دەیان ماڵبات.

سیدەكان دەكەوێتە باكوری رۆهەڵاتی هەولێر/ 350 كم باكوری بەغدا/، بەپێی ئامارێكی رەسمی قایمقامیەتی شارۆكەی سۆران، شارەدێی سیدەكان لە 254 گوند پێك هاتووە، 113 گوند تا ئێستە ئاوەدان نەكراونەتەوە، 10 هەزار و 59 كەس لە ناوەندی شارەدێی سیدەكاندا دەژین."
Top