زیانەكانی بۆردمانی شەوی رابردووی سوپای توركیا
سیروان سیرینى قایمقامى رواندز /123 كم رۆهەڵاتی هەولێر/ بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، شەوى رابردوو باڵەفڕە شەڕوانەكانى توركیا بۆردمانى گوندەكانى (كوزینە، زارگەلى، پردەشاڵ، بۆكریسكان، گەلى بەدران، كورتەكى) لە سنوورى شارەدێى وەرتىَ كرد.
سیرینى گوتى، بەو هۆیەوە خانووى كوێخا (قادر مینە) دانیشتووی گوندی زارگەلى رووخاوە، زیان بەتۆڕى كارەبا و چەندان باخچەى كشتوكاڵى ناوچەكەیش گەیشتووە، بەڵام زیانى گیانى لىَ نەكەوتووەتەوە.
ناوچەكانى بنارى چیاى قەندیل بەردەوام رووبەڕووى تۆپبارانى سوپاى ئێران و توركیا دەبنەوە، ئەویش بەبیانووى بوونى شەڕوانانى پارتى ژیانى ئازادی كوردستان (پژاك) و پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە)، بەو هۆیەوە زیانێكی بەرچاو بەدانیشتووان و ژینگەى دەڤەرەكە گەیشتووە.
لەمبارەیەوە ساڵح رەسول موختارى گوندى بۆكریسكان بۆ (ئاكانیوز) گوتى، بۆیەكەمجارە وا بەچڕى بۆردمانی ئەو ناوچانە بكرىَ، باڵەفڕەكان سىَ جار بۆردمانى گوندى كوزینەیان كرد، بەو هۆیەوە بیرى ئاوى گوندەكەى تێكداوەو شووشەى پەنجەرەى قوتابخانە و زۆربەى خانووەكانى هاووڵاتییان شكاون.
موختارەكە ئاماژەى بەوەش كرد، دواتر بۆردمانى سەرچاوەى ئاوى گوندى بۆكریسكان و گەلى بەدرانى كرد، بەو هۆیەوە ئاگر لەو شوێنانە كەوتەوە و زیان بە چەندان باخچەى كشتوكاڵى ناوچەكە كەوت، خەڵكى ئەو گوندانە لە ترسى بۆردمانەكە ماڵ و حاڵى خۆیان جێهێشت و هەموویان چوونە ژێر بەرد و شوێنە بێ ترسەكان، ئێستە دڵەڕاوكەیەكی زۆر لای هاووڵاتییان دروست بووە.
شارەدێی وەرتێ لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە شارۆكەی رواندزە، لە (20) گوند پێك هاتووە، ژمارەی خێزانەكانی سنووری وەرتێ ( 730) خێزان و ( 3808 ) كەسە.
هەر پێوەست بەو باسەوە، شەوی رابردوو راگەیەنرا لانی كەم 13 باڵەفڕی شەڕوانیی توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم و توركیا لانی كەم 5 شوێنیان بۆردمان كردووە، ئەو هێرشە بەیەكەم جۆر لە ماوەى یەكساڵی رابردووی سوپای توركیا بەرامبەر ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێ.
پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) لە 27 تشرینى دووەم/نۆڤێمبەرى ساڵی 1978 بەسەرۆكایەتیى عەبدوڵا ئۆجەلان دامەزراوە، لە ساڵى 1984ەوە شەڕى چەكداری دژى دەوڵەتى توركیا دەست پێ كردووە، ئەمەریكا، یەكەتیى ئەوروپا، ئوسترالیا، توركیا و ئێران ئەو رێكخراوە بە\"تیرۆریست\"" دەزانن.
"
