ئەردۆگان: رەمەزان نابێتە رێگر بۆ شەڕ دژ بە پەكەكە

ئەردۆگان: رەمەزان نابێتە رێگر بۆ شەڕ دژ بە پەكەكە
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك وەزیرانی توركیا رای گەیاند، كوژرانی سەربازان و ئەو زیانە گیانییانەی بەر هێزەكانی ئێمە دەكەون، وامان لێ دەكا لەو مانگە پیرۆزەی رەمەزانیشدا روو لە هێرش و كردەی سەربازی بكەینەوە.

لێدوانەكەى ئەردۆگان هاوكات بوو لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەكەی سوپای توركیا كە شەوی رابردوو لە ناوچە سنووورییەكانی توركیا و هەرێم كرایە سەر قەندیل، خنێرە، زاب و چیای مەتین.

ئەردۆگان ئاماژەى بەكوژرانی 7 سەرباز و برینداربوونی 11 سەربازی تری هێزەكانی لە دوێنێ چوارشەم كرد و چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان /پەكەكە/ی بەئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار كرد، ماڵپەڕی دەنگوباسی (وۆڵد تریبون)ی نێودەوڵەتی گواستییەوە.

سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتی، پێشتر رامان گەیاندبوو كە بەهۆی مانگی رەمەزان خۆمان لە هێرشی سەربازیی رژد دەپارێزین، \"بەڵام چەكدارانی پەكەكە ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵناگرن و ناچارین لەو مانگە پیرۆزەشدا بیر لە هێرش و تۆڵە بكەینەوە، شەڕی دژی تیرۆر پشووی تێدا نییە\"".

هەر پێوەست بەو باسەوە، شەوی رابردوو راگەیەنرا لانی كەم 13 باڵەفڕی شەڕوانیی توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم و توركیا لانی كەم 5 شوێنیان بۆردمان كردووە، ئەو هێرشە بەیەكەم جۆر لە ماوەى یەكساڵی رابردووی سوپای توركیا بەرامبەر پارتی كرێكاران لە ناوچە سنوورییەكان دادەنرێ.

پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە) لە 27 تشرینى دووەم/نۆڤێمبەرى ساڵی 1978 بەسەرۆكایەتیى عەبدوڵا ئۆجەلان دامەزراوە، لە ساڵى 1984ەوە شەڕى چەكداری دژى دەوڵەتى توركیا دەست پێ كردووە، ئەمەریكا، یەكەتیى ئەوروپا، ئوسترالیا، توركیا و ئێران ئەو رێكخراوە بە\""تیرۆریست\"" دەزانن.

هەژیى گۆتنە ناوچەكانى بنارى چیاى قەندیل بەردەوام رووبەڕووى تۆپبارانى سوپاى ئێران و توركیا دەبنەوە، ئەویش بەبیانووى بوونى شەڕوانانى پارتى ژیانى ئازادی كوردستان (پژاك) و پارتى كرێكارانى كوردستان (پەكەكە)، بەو هۆیەوە زیانێكی بەرچاو بەدانیشتووان و ژینگەى دەڤەرەكە گەیشتووە.


-ئاكانیوز"
Top