واشنتۆن.. سیمینارێکی هاوبەش لەنێوان کەسایەتییە ئەکادیمی و ئایینییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

واشنتۆن.. سیمینارێکی هاوبەش لەنێوان کەسایەتییە ئەکادیمی و ئایینییەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو
لە سیمینارێکدا کە زانکۆی گۆنزاگا لە ویلایەتی واشنتۆن رێکیخستبوو، ژمارەیەک لەپڕۆفیسۆر و مامۆستایانی زانکۆ و شارەزایانی بواری یاسا و پەروەردە و ئایینەکان لەگەڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان کە بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی دادگای تەمییزی سەربازی کوردستان و چەند کەسایەتییەکی ئیسلامی و مەسیحی هەرێمی کوردستان تیایدا ئامادەبوون.
لە سیمینارەکەدا گرنگی رۆڵی ئایین لەسەقامگیری کۆمەڵایەتی و پەیوەندی ئایین بەیاسای وڵاتان و نزیککردنەوەی گەلان لەرێگای پەروەردە و فێرکردن گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، هەریەکە لەنوێنەرانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لەم سیمینارەدا بۆچوونی خۆیان خستەڕوو، دواتر کەسایەتییە زانستی و ئەکادیمی و ئایینییەکانی ئەمەریکا پێشنیاری ئەوەیان کرد کەوا پڕۆژەی کردنەوەی ئەکادیمیایەکی فێربوونی زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان بخرێتە بەردەم بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم پڕۆژەیەش وەک هەنگاوی یەکەم بێت بۆ پڕۆژەی کردنەوەی زانکۆیەکی ئەمەریکی لەشاری دهۆک بەناوی زانکۆی میدیا کە ماوەی چەند مانگێکە پڕۆژەکەی خراوەتە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان.

بەشداربووانی سیمینارەکە ئەم پێشنیارەیان بەگرنگ وەسفکرد و هیوایان خواست بۆ بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان لەبواری پەروەردە و فێرکردندا و کردنەوەی ئەم ئەکادیمیایە لەهەرێمی کوردستان لەنزیکترین کاتدا، پاشان دادوەر کوردەوان مەحمود ئەندامی شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ راگری کۆلێژی یاسا لە زانکۆی گۆنزاگا و ژمارەیەک لەیاساناسەکانی ویلایەتی واشنتۆن کۆبووەوە و سەبارەت بەرەوشی دادوەری لەهەرێمی کوردستان و ئەمەریکا گفتوگۆیان کرد و لەکۆتایشدا خەڵاتی دادگای تەمیزی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە سەرۆکی زانکۆی گونزاگا کرا.
Top