بروسكه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌بۆنه‌ی‌ یادی (65) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌

بروسكه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت به‌بۆنه‌ی‌ یادی (65) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌
دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ بۆنه‌ی یادی (65) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بروسكه‌یه‌كی‌ پیرۆزبایی‌ ئاراسته‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ كرد، ئه‌مه‌ش ده‌قی‌ بروسكه‌كه‌یه‌:

پارتی له‌گه‌ڵ حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستان سه‌نگه‌ری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییان ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌

به‌رێزان برایانی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

به‌ سڵاوێكی گه‌رمه‌وه‌، به‌ بۆنه‌ی یادی (65) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م و له‌ ڕێی ئێوه‌شه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ ئه‌م پارته‌ تێكۆشه‌ره‌ زیاد له‌ شه‌ش ده‌یه‌یه‌ خه‌بات بۆ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان ده‌كات و پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی دیكه‌ی كوردستان سه‌نگه‌ری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییان ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌.

پارتی له‌ مێژووی دوورودرێژی خه‌باتی خۆیدا له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی بارزانی نه‌مر خوێندنگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تێكۆشان بووه‌ و ئه‌زموونێكی دوورودرێژی مێژوویی له‌خزمه‌تی مه‌سه‌له‌ی ره‌وای كورددا كه‌ڵه‌كه‌ كردووه‌ چ له‌شۆڕشی ئه‌یلول و چ له‌قۆناغی نوێی شۆڕشی كوردستان و ئینجا راپه‌ڕینی ئازاری ساڵی 1991 تا ده‌گاته‌ چه‌سپاندنی ئه‌زموونی حوكمڕانی كوردستان كه‌ ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌و مه‌زنی بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك زامنكردووه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستانیش پایه‌یه‌كی ستراتیژی و سه‌ره‌كی ئه‌م ئه‌زموونه‌یه‌ و به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی هاوپه‌یمانیدا ئه‌ركی قورسی ئه‌م قۆناغه‌ له‌ داموده‌زگاكانی حوكمڕانی وڵاته‌كه‌مانیان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ.

پارتی دیموكراتی كوردستان و ئه‌ندامه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی هه‌قی خۆیانه‌ شانازی به‌و خه‌باته‌ دوور ودرێژه‌وه‌ بكه‌ن و ئه‌ركی ئه‌وان و ئه‌ركی هه‌موو ڵایه‌كیشمانه‌ وزه‌و توانای تێكۆشه‌رانی كوردستانیی بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی ئه‌وه‌ی ماوه‌ له‌ئامانجه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان و سه‌رخستنی پرۆژه‌ی حوكمڕانیی خۆبه‌خۆی وڵاته‌كه‌مان به‌ره‌و رزگاریی یه‌كجاره‌كی و سه‌رتاسه‌ریی.



جارێكی تر پیرۆزه‌
د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
Top