مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی راگەیەندراوێکی ھاوبەشیان دەرکرد
ئەمەش دەقەکەیەتی:
راگەیێنراوی کۆتایی کۆبوونەوەی ھاوبەشی ھەردوو مەکتەبی سیاسی ( ی ن.ک و پ.د.ک )
لە درێژەی کۆبوونەوە ھاوبەشەکانی ھەردوو مەکتەبی سیاسی بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبوونەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکرانی کوردستان لە بەرواری ٧/٨/٢٠١١ ئەنجام درا و سەبارەت بەم تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆ کرا.
تەوەری یەکەم، بارودۆخی ناوچەکانی جەلەولا و سەعدیە و ئەو گوشارەو ھەرەشانەی خراونەتە سەر خوشک و برایانی کوردمان لەو دەڤەرە کە تیرۆریستان و شۆفێنییەکان ھەموو جۆرە تاوانێک لەدژیان بەکار دێنن بەمەبەستی چۆڵکردنی ئەو ناوچانە لە کورد.
ھەروا کۆبوونەوەکە نیگەرانی قووڵ و سەرسوڕمانی زۆری دەربڕی بەرامبەر بی ھەڵوێستی حکومەتی عیراقی فیدراڵ و چاوپۆشی و بگرە رێ خۆشکەری ئەو ھێزانەی سوپای عێراقین کە لەو ناوچەیەن بەرامبەر جموجۆڵ و تاوانی تیرۆرستان .
ھەروا کۆبوونەوە ناڕەزایی و نیگەرانی سەبارەت بەم کردەوانە دەربڕی و بڕیاری دا ھەموو رێگا و ھۆکارێک بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بەرگریی لەو ناوچانە بکرێت و حکوومەتی ھەرێمیش بەئەرکی سەرشانی خۆی ھەڵسێت و لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان وحزب و لایەنە سیاسییەکان بکەوێتە گفتوگۆ بۆ ئەوەی بە پەلە ئەم ھەڕەشەو گوشارە ناڕەوایە کۆتایی پێبھێنرێت، ھەروەھا ھەوڵی گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان بە شیعە و سوننەیەوە بدرێ بۆ شار و لادێکانی خۆیان و گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانەی ھێندراونەتە ئەو دەڤەرە بۆ شوێنەکانی پێشوویان.
تەوەری دووەم، بارودۆخی سەرسنووری ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و بەردەوامیی تۆپبارانەکانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر گوندەکانی سەر سنوور و دوورتر لە سنووریش کە تائێستا بۆتە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی سڤیلی بێگوناە ، ھەروەھا وێرانکردن و سووتاندنی چەند گوند و رەز و باخی ھاووڵاتیان و ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆر.
کۆبوونەوە، پاراستنی بەرژەوەندی و ئەمنییەتی ھەردوولا بە گرینگ دەزانێ و رای وابوو حکوومەتی ھەرێم ھەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ کۆتاییھێنان بەم بارودۆخە نەخوازراو و نالەبارە و ھەوڵ بدرێ حکوومەتی عێراقیش رۆڵی خۆی لەم بارەوە ببینێ و بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی وەئەستۆوە بگری. ھەروەھا گیروگرفتی ژیان و گوزەرانی ئاوارەکان چارەبکرێت.
تەوەری سێیەم، ئۆپۆزسیۆن و راوەستانی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان: کۆبوونەوە، گفتوگۆیەکی تێروتەسەلی ئەم بابەتەی کرد و بە بایەخەوە شرۆڤەی کرد. جارێکی دیکە گفتوگۆ و دیدارەکانی بە رێگاچارەی گونجاو و سەردەمیانە دەزانێ بۆ کۆتاییھێنان بە گیروگرفتەکان.
لەکۆبوونەوەکە جەخت کرایەوە سەر ھاوپەیمانێتی و ھاوھەڵوێستی پارتی و یەکێتی لەمەڕ پێشھات و رووداوەکانی ناوخۆیی و دەرەکی و ھەوڵدان بۆ پتەوترکردنی ریزەکانی نێوماڵی کوردستانی کە لە سایەیدا ئاسایش وپێشکەوتن و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و سیاسی مسۆگەرتر دەبێ.
مەکتەبی سیاسی مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستان
٧/٨/٢٠١
