مەریوان نەقشبەندی: لە کوردستان هیچ کەسێک لە سەر بیروباوەڕی ئاینی دەستگیر ناکرێت

 مەریوان نەقشبەندی: لە کوردستان هیچ کەسێک لە سەر بیروباوەڕی ئاینی دەستگیر ناکرێت
دوای ئەوەی لە چەند کەناڵێکی بیانی هەواڵی دەستگیرکردنی هاوڵاتییەکی مەسیحی دانیشتووی پارێزگای دهۆک بڵاوکرایەوە کە گوایە لە سەر ئیتنیمای ئاینی دەستگیر کراوە، وەزارەتی ئەوقاف ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت دەستگیر کردنی ئەو هاوڵاتییە لە سەر بیروباوەڕی ئاینی نییە و هۆکاری دیکەی لە پشتەوەیە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم مەریوان نەقشبەندی بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە چەند دەزگایەکی راگەیاندنی بیانی هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هاوڵاتییەکی مەسیحی دانیشتووی پارێزگای دهۆک لە سەر ئینتیمای ئاینی و بانگەوازکردن بۆ مەسیحیەت دەستگیر کراوە، بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەکی نییە.

وتیشی: لە هەرێمی کوردستان ئازادی تەواو بۆ هەموو ئاینە جیاوازەکان هەیە و هیچ هاوڵاتییەک لە سەر بیروباوەڕی ئاینی دەستگیر ناکرێت.

نەقشبەندی روونیشیکردەوە، ئەو هاوڵاتییە پێشتر شەبەک بووە و پێنج ساڵ پێش ئێستا بووەتە مەسیحی و ئێستاش لە سەر هەندی لێدوان و کاری نایاسایی کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، لە لایەن ئاسایشی حکومەتی هەرێمەوە دەستگیر کراوە نەک لە سەر ئینتیمای ئاینی.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئاماژەی بەوەشدا، دەستگیر کردنی ئەو هاوڵاتییە هیچ پەیوەندییەکی بە وەزارەتی ئەوقافەوە نییە و وەڵامی تەواوی ئەو دەزگا راگەیاندنانەش دەدەینەوە کە ئەو هەواڵەیان بە هەڵە بڵاوکردۆتەوە.
Top