سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان داوای چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی بواری هاتووچۆ و رێگاوبان دەكات

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان داوای چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی بواری هاتووچۆ و رێگاوبان دەكات
لەسەر راسپاردەی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم پێشنیارێك ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی سەبارەت بە كەموكوڕییەكانی هاتووچۆ و رێگاوبان بكرێ‌ لە پێناو كەمكردنەوەی رێژەی رووداوەكانی هاتووچۆ لە هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی جێبەجێ كردنی ناوەرۆكی بڕیارەكەش لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون ئەم پرسە پێكهێنراوە.

لەمبارەیەوە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە نوسراوێكدا بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی بە زیادبوونی رێژەی رووداوەكانی هاتووچۆ كردووە وچەندین خاڵیشی پێشنیار كردووە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی زانستیانەی ئەو دیاردەیە بكرێ‌ لە پێناو دانانی پرۆگرامێكی گونجاو وسیستەمێكی سەردەمیانەی ئەوتۆ كە ببێتە مایەی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتووچۆ و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان.

هەروەها لە پێشنیارەكەدا جەخت لەسەر رەچاوكردنی ستاندەری ئەندازەیی وتەكنیكی ونەخشەی گونجاو وبەهێزكردنی چاودێریی كراوەتەوە و ئەگەر پێویست بكات یاسا ورێنماییەكانی هاتووچۆش پێداچوونەوەیان بۆ بكرێ‌ لە پێناو خزمەتگەیاندن بە هاوڵاتیان و پاراستنی سەروماڵیان.
Top