سەرۆكی هەرێمی كوردستان ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی لە رۆژنامەنووسانی كوردستان پیرۆز دەكات
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
بە بۆنەی یادی سەدوسێزدە ساڵەی رۆژنامەنووسیی كوردییەوە ، لە قوڵایی دڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و ئومێدی سەركەوتن و گەشەكردنی زیاتریان بۆ دەخوازم لە جێبەجێكردنی ئەركە هەستیار و گەیاندنی پەیامە پیرۆزەكەیاندا.
بێگومان رۆڵی رۆژنامەنووسانی كوردستان چ لە قۆناغی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و چ لە سەردەمی ئازادی و هاتنە كایەی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و رۆژگاری دیموكراسیی ، رۆڵێكی كاریگەربووە ، هەر بۆیە ئەمرۆش كە گەلەكەمان لە بەردەم ئەو پێشهات و بارە هەستیارەدایە ، دیسان رۆژنامەنووسان ئەركێكی پڕ لە لێپرسراوێتیان دەكەوێتە سەرشان و دەتوانن رۆڵی باڵاتر و كاریگەرتر بگێڕن و بەشێوەیەكی پیشەیی و لە سونگەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان ببنە بەشێك لە جوانتركردنی ئەزموونەكەی گەلی كوردستان و بە رەخنەی بەجێ و خەمخۆرانە كەموكوریی و ناتەواوییەكان دەستنیشان بكەن و چارەسەری گونجاویان بۆ پێشنیاز بكەن ، هەروەها بەشدارییەكی چالاكانە بكەن لە گەشەپێدان و قوڵتركردنەوەی نەریتی دیموكراسیی و لێبوردەیی و گیانی یەكتر قیوڵكردن و بەیەكەوە ژیانی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی كوردستان و پتەوكردنی هاوچارەنووسیان.
رۆژنامەنووسان مافی خۆیانە تا ئەو پەری ئازاد بن و دەسەڵاتیش پێویستە كار بۆ زیاتر فەراهەم كردنی ئەو ئازادییە بكات ، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە رۆژنامەنووسانیش لە سنووری ئەتەكێتی رۆژنامەوانی دەرنەچن و سنووری ئەو ئازادییە نەبەزێنن كە بۆیان دابین كراوە و دەبێ ئەخلاقیەتێكیش هەبێ كە هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە.
ئێمە خاوەن كیانێكی سەربەخۆنین ، لە هەرێمێكداین كە تا ئێستا هەڕەشەیەكی زۆری لەسەرە ، بۆیە ئەركی هەموو رۆژنامەنووسانە كە بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەڵستن و ئەم هەقیقەتە لە بەرچاو بگرن.
لە كۆتاییدا جارێكی تر جەژنی رۆژنامەنووسیی لە هەموو رۆژنامەنووسانی كوردستان پیرۆز دەكەم و هیوادارم كە ئەم یادە بۆنەیەك بێت بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنی پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ پێشخستنی كاروانی رۆژنامەنووسیی لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی و نەتەوەییدا.
لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
21-22/4/2011
