سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و شاندێكی یاوه‌ری ده‌كات
له دیدارێكدا، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سڵاوی هه‌ر یه‌ك له سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرد و ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه حكومه‌ت و گه‌لی توركیا خوازیارن په‌ره به‌و په‌یوه‌ندییه بده‌ن به شێوه‌یه‌ك كه خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر دوولا بگه‌یه‌نێت .
هه‌روا جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له پرۆسه‌ی سیاسی عیراق به‌رزنرخاند و ئاماژه‌شی به‌و كێشه سیاسیانه كرد كه تا ئێستا به بێ چاره‌سه‌ری ماونه‌ته‌وه و ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كرد كه چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه پێویستیان به سه‌ركردایه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌یه و دووپاتیشیكرده‌وه كه توركیا زۆر به بایه‌خه‌وه سه‌یری بیروبۆچوونه‌كانی به‌رێزیان ده‌كات سه‌باره‌ت به ره‌وشی عیراق و ناوچه‌كه.
سه‌رۆك بارزانی ، وێرای به‌خێرهێنانی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و شانده یاوه‌ره‌كه‌ی ، داوای كرد به هه‌مان شێوه سڵاوورێزی بگه‌یه‌نرێته سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و رایگه‌یاند كه ئێمه‌ش خوازیارین كێشه‌كانی ناو عیراق بێنه چاره‌سه‌ركردن و لایه‌نه ناكۆكه‌كانیش زیاتر بێنه پێش و ئێمه‌ش به هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌می له نزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان ناكه‌ین ، چونكه سه‌قامگیری عیراقی فیدراڵ سه‌قامگیرییه بۆ هه‌رێمی كوردستان و به پێچه‌وانه‌ش و ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كرده‌وه كه هه‌موو لایه‌نه عیراقییه‌كان ده‌بێ پابه‌ندی كرۆكی ئه‌و رێككه‌وتنه بن كه حكومه‌تی ئێستای عیراقی لێكه‌وته‌وه ، نه زێده رۆیی تێدا بكرێ و نه كه‌متریش بێت له‌وه‌ی كه رێككه‌وتنی له‌سه‌ركراوه.
ئه‌مه‌و له كۆتایی دیداره‌كه‌دا دوا گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌كه خرانه به‌رباس و هه‌ردوولا تێروانینی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكارییانه خسته‌ڕوو.
