سەرۆك وەزیرانى عێراق داواى لە هەرێمى كوردستان نەكردووە پێشمەرگە كەركووك چۆڵ بكەن

سەرۆك وەزیرانى عێراق داواى لە هەرێمى كوردستان نەكردووە پێشمەرگە كەركووك چۆڵ بكەن
ئاژانسی‌ هەواڵی‌ رۆیتەرز لە زاری‌ سەرچاوەیەكی‌ بەرپرس بڵاوی كردەوە كە هێزێكی‌ زۆری‌ پێشمەرگە بەچەكی‌ قورسەوە لە دەوروبەری‌ شاری‌ كەركووك جێگیر كراون بێ‌ ئەوەی‌ حكوومەتی‌ ناوەند لەوبارەیەوە ئاگادار بكرێتەوە. لەوبارەیەوە سەرۆك وەزیرانى عێراق داواى كردووە ئەو هێزانە بەزووترین كات بكشێنەوە و پاراستنی‌ كەركووك و ناوچە كێشەدارەكان لە ئەستۆی‌ حكوومەتی‌ ناوەندە نەك هێزى پێشمەرگە. گۆتیاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت سەرۆك وەزیرانى عێراق داواى لە پێشمەرگە نەكردووە كەركووك چۆڵ بكەن.

جەبار یاوەر گۆتیاری وەزارەتى پێشمەرگەى حكوومەتى هەرێمى كوردستان گوت \"بەهیچ شێوەیەك نوورى مالیكى داوای لە هەرێمى كوردستان نەكردووە ئەو هێزە لە كەركووك و ناوچە كێشەدارەكان پاشەكشە بكات، ئەو هەواڵەى بڵاویش كراوەتەوە هیچ بنەمایەكى ڕاستی نییە، پاراستنى ئەو ناوچانە بەپێى رێككەوتن بەهاوبەشى دەبێت لەگەڵ هێزى پێشمەرگەى هەرێم و هێزى بەرگریى عێراقى و لیواى 4ى ئەمەریكا لەم ناوچەیە\"".

هەروەها گوتی سەرۆك وەزیران بەو پێیەى سەرۆكى هێزە چەكدارەكانە لە عێراق، ئەو توانایەى هەیە داوا لە هەرێمى كوردستان بكات پاشەكشە بەهێزى پێشمەرگە بكات، بەپێى دەستوور هەرێمى كوردستان بەشێكە لە عێراقى فیدراڵ و هێزى پێشمەرگەش بەشێكە لە هێزى بەرگرى و پاسەوانى سنوور، بەڵام تا ئێستە داوایەكى لەم شێوەیە بەئێمە نەگەیشتووە.

ئەوەشی روون كردەوە ئەگەر سەرۆك وەزیرانى عێراق داواى كشانەوەى هێزى پێشمەرگە بكات، دەبێ لەگەڵ سەرۆكى هەرێم یان سەرۆكى حكوومەت گفتوگۆ بكات، چونكە بەڕێككەوتنى حكوومەتى هەرێم و ناوەند پێشمەرگە جێگیر كراوە، ئەو هێزەى ئێستەش چووە بەهۆى مەترسى لەسەر ئەو ناوچانەیە نەك هۆكارێكى تر.

ئەوەشی گوت 4 لیواى پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە، هێزى پێشمەرگە لەنێو شارى كەركووك و خانەقین و نە هیچ شارێكى ترى ئەو ناوچانە بوونى نییە، بگرە هێزى پێشمەرگە لە دەوروبەرى شار كۆ كراوەتەوە لەبەرئەوەى پلانى تیرۆریستان هەبووە بۆ تێكدانى بارى تەناهیی ئەو ناوچانە، هێزى پێشمەرگە بۆ مەرامێكى سیاسى یان داگیركردنى شوێنێك نەچووە، بگرە بۆ پاراستنى ئارامیى ئەو ناوچانە چووە و تا ئێستەش ئەو مەترسییە لەسەر ئەو ناوچانە ماوە.

ئاماژەی بەوەش دا هێزى پێشمەرگە بەپێى رێككەوتنى نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگریى عێراق لە ناوچەكانى دیالە و خانەقین و كەركووكدا بوونیان هەیە و خاڵى هاوبەشیان هەیە لەگەڵ هێزى بەرگریى عێراق و لایەنى ئەمەریكایى، ئەو ناوچانە ناوچەى هاوبەشن و بەهاوبەشى لەگەڵ هێزى پێشمەرگە و هێزى بەرگریى عێراق و لایەنى ئەمەریكایى كار دەكرێت بۆ پاراستنى ئارامیى ئەو ناوچانە.

-آكانيوز"
Top