كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداریی سەرجەم فراكسیۆنەكان دەستی پێ كرد

كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداریی سەرجەم فراكسیۆنەكان دەستی پێ كرد
ئەمڕۆ هەینی كاتژمێر 14 و چەند خولەكێك بەكاتی هەولێر پەرلەمانی كوردستانی دانیشتی نائاساییی خۆی بەئامادەبوونی سەرجەم فراكسۆنەكانی ناو پەرلەمان دەست پێ كرد.

كاتژمێر 14 دانیشتنی نائاساییی پەرلەمانی كوردستان بە بەشداری سەرجەم فراكسیۆنەكان دەستی پێ كردوو و سەرچاوەكانی ناو پەرلەمانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە لە دانیشتینی ئەمڕۆدا سێ تەوەری سەرەكی لە نێوان فراكسیۆنەكان گفتوگۆی لەبارەیەوە دەكرێ.

عومەر نوورەدینی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كوردستانی پێشتر بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ساز دەكات و بڕیارە لەو كۆبوونەوەیەدا لێژنەی تایبەتی بەدواداچوونی كێشە و دواكارییەكانی خۆپێشاندەرانی سلێمانی، راپۆرتی خۆیان پێشكێشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن.

نوورەدینی گوتی، دواتر قسەوباس لەسەر داوكارییەكانی خۆپێشاندەران دەكرێ و ئەو خاڵانە تاوتوێی دەكرێن كە پێوەندییان بە دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێم هەیە، ئاماژەی بەوەش كرد، كە لێژنەكە داوكارییەكانی پۆلێن كردووە بۆ چەند بەشێك، ئەوانەی كە پێوەندییان بە پەرلەمان، حكوومەت، سەرۆكایەتیی هەرێم و حزبەكانەوە هەیە.

هەروەها سەباح بەرزنجی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی و سەرۆكی لێژنەی بەدواداچوونی داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی سلێمانی بە(ئاكانیوز)ی راگەیاندبوو، لەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرەتا باس لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەكرێ و داخوازییەكانی خۆپیشاندەران دەخرێتە ڕوو، دواتر ڕاپۆرتی لێژنەكەی ئێمەش لەنێو پەرلەمان دەخرێتە ڕوو.

بەرزنجی ئەوەشی گوت، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی ئێستەی ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دۆخی ناو شاری كەركووك دەكرێ.
Top