كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان: رۆژی 2011/2/17 ژمارەیەك ئاژاوەگێڕ لە شاری سلێمانی بۆ شێواندن و لە بار بردنی ئەو كەش و هەوایە هێمنەی كوردستان و دروست كردنی بارودۆخێكی نالەبار كە كاریگەری هەبێ لەسەر بواری كۆمەڵایەتی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بخەنە مەترسیەوە، هەروەها بواری ئابوری و بازاری كوردستان بە شێوەیەك نیشان بدرێ كە ترس و دڵەراوكێ لە نێو بارزگان و وەبەهێنەران دروست بكات لە رووی سیاسیەوە ناسەقامگیری نیشانی ناوخۆو ووڵاتانی بیانی بدەن، بە پیلانێكی پێشوەختە پەلاماری بارەگای لقی٤ی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا بە نیازی بێ حورمەتی پێ كردن و سووتاندنی كە بە داخەوە لە ئاكامی ئەم پەلاماری ئاژاوەگێڕان ژمارەیەك خەڵك لە ناو بارەگای لقی٤ و سەر جادە كوژران و بریندار بوون. لە ڕوانگەی بە خەمەوە بوون و پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و بەرقەرار كردنی ئەمنیەت، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین ڵێكۆلینەوەی وردو جدی لەم بابەتە بكات و ئەوانەی پیلانیان داڕشتووەو ئەوانەی بۆنەتە ئالیەتی ئەو پیلانانەو ئەم ئاژاوەیان لە شاری خۆشەویستی هەڵمەت و قوربانی دروست كردو بوونە هۆی نارەحەتی و دڵەڕاوكێی جەماوەری كۆڵنەدەری شارەكە رادەستی یاسا بكات و سزا بدرێن. كۆبوونەوە جەختی لە هاوهەڵوێستی و یەك رێزی كردەوە بۆ ئەوەی لە سایەی ئەم هاوهەڵوێستی و یەك رێزیە ئاوات و ئامانجە ڕەواكانی گەلەكەمان بێتە دی، لە كاتێكدا كە بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە لە بارە بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و بەدیهێنانی ئەو ئاوات و ئامانجانەی تا ئێستا بەدی نەهاتوون، دەبێ رێگا نەدەین رووداوەكان بە ئاراستەیەك دا بەرن كە بە زیانی گەلەكەمان بێت.



داواش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین لە ئەدای بەرپرساتی دام و دەزگاكانی پەیوەندارەكان لێكۆلینەوە بكات و ئیجرائاتی پێویست وەربگرێ. داوا لە جەماوەری خۆراگرو كورد پەروەری شاری سلێمانی و هەموو كوردستان دەكەین هاوكاری دام و دەزگا ئەمنیەكان بكەن بۆ بەرقەراری ئەمن و ئاسایشی هاووڵاتیان و پاراستنی سەروەت و سامانیان. هەروەها جەماوەرو یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و گشت لایەنی سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی رێگا نەدەن ناحەزان و پلانگێڕان درز بخەنە نێو یەك رێزی و تەبایی نێو ماڵی كوردستان. دەبێ پیلانگێڕان ئەوە بزانن بۆ پاراستنی ئەزمون و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان رێگە و شوێنی پێویست لەبەر چاو دەگیرێ.



مەكتەبی سیاسی
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان/یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
18ی شوباتی 2011
Top