به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی شاری سلێمانی

به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی شاری سلێمانی
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كات هێمنانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه‌دا بكه‌ن و ئارامیی كوردستان بپارێزن و حكوومه‌تی هه‌رێمیش لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبێنێ بۆ به‌دواداچوونی رووداوه‌كه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و تاوانبارانه‌ی له‌ پشت نانه‌وه‌ی ئه‌م فیتنه‌یه‌ بوون، هه‌روه‌ها داواكاره‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كۆنترۆڵی ته‌واوی بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن و باره‌گای سه‌رجه‌م حزب و هێز و لایه‌نه‌كان و داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت بپارێزن.
ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ ومیهره‌بان


وا دیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 17/2/2011 هێڕش كراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گای لقی (4)ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری سلێمانی و له‌ ئه‌نجامدا كوژراو و برینداری لێ كه‌وتۆته‌وه‌.

بێگومان ئه‌وه‌ی روون وئاشكرایه‌ كه‌ دوژمنانی گه‌لی كوردستان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر نانه‌وه‌ی فیتنه‌ وئاژاوه‌گێڕی، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستان هوشیار و به‌ ئاگان و گشت پیلان ونه‌خشه‌ی گڵاوی ناحه‌زان پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ پێناو پاراستنی ئه‌زموون و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی هه‌موو ئاشووب وهه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌بنه‌وه‌.

داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین هێمنانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كه‌ بكه‌ن و ئارامیی كوردستان بپارێزن و داوا له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمیش ده‌كه‌م به‌ زووترین كات لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ پێكبێنی بۆ به‌دواداچوونی رووداوه‌كه‌ و دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و ئه‌وانه‌ی له‌ پشت نانه‌وه‌ی ئه‌م فیتنه‌یه‌ بوون، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات تاوانباران بدرێنه‌ دادگا و به‌ سزای عادیلانه‌ی خۆیان بگه‌ن.

هه‌روه‌ها داوا له‌ گه‌لی كوردستان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م كه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی خۆیان هه‌ڵبستن و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش كۆنترۆڵی ته‌واوی بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ن و باره‌گای سه‌رجه‌م حزب و هێز و لایه‌نه‌كان و داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت بپارێزن، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگا ناده‌ین فه‌وزا و فیتنه‌ و ئاژاوه‌گێڕیی له‌ كوردستان سه‌رهه‌ڵ بدا و ئه‌من وئاسایشی هه‌رێم و ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیانی كوردستان بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم كه‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزیی گه‌لی كوردستان مایه‌ی به‌دیهێنانی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ بوون، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌ركی هه‌مووانه‌ ئه‌م یه‌كڕیزییه‌ بپارێزن، راشیده‌گه‌یه‌نین كه‌ به‌ توندیش رووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ده‌بینه‌وه‌ بیه‌وێ زه‌ره‌ر به‌ كه‌شی سه‌قامگیری كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كوردستان بگه‌یه‌نی.

مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
17/2/2011
Top