حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت رووداوه‌كانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سلێمانی به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد
وێنه‌یه‌كی به‌یاننامه‌كه كه به‌ده‌ستی ئاژانسی په‌یامنێر گه‌یشتووه، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
رۆژی 17-2-2011 له‌شاری سلێمانی خۆپیشاندانێك سازكرا كه چه‌ند لایه‌نێك تێیدا به‌شدار بوون، به‌ڵام به‌شێك له‌گێره‌شێوێنه‌كانی ناو خۆپیشاندانه‌كه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی رووداوی نه‌خوازراوی لێ بكه‌وێته‌وه‌و له‌میانی خۆپیشاندانه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوان نه‌كراو هێرشیان كرده سه‌ر باره‌گای لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئه‌گه‌رچی شوێنی دیاركراوی پێشوه‌خت بۆ خۆپیشاندانه‌كه به‌گوێره‌ی ئه‌و مۆڵه‌ته ره‌سمییه‌ی له‌پارێزگای سلێمانی وه‌ریان گرتبوو، به‌رده‌ركی سه‌رای شاری سلێمانی بوو، بۆیه‌شه لایه‌نه ئه‌منییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم رێوشوێنی ئه‌منیی پێویستیان له‌شوێنی راگه‌یانراوی ئه‌و خۆپیشاندانه گرته به‌ر، به‌ڵام به‌شێك له‌خۆپیشانده‌ره گێره شێوێنه‌كان هێرشیان كرده سه‌ر باره‌گای لقی4 ی پارتی دیموكراتی كوردستان و له‌ئاكامدا كوژراو‌و چه‌ندین برینداری لێ كه‌وته‌وه.
له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی توندی خۆی سه‌باره‌ت به‌و رووداوه و ئاكامه‌كانی راده‌گه‌ینێت، داوا له‌خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی كوردستان و به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی خۆڕاگری شاری سلێمانی و سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كات، كه به‌گیانی لێپرسراوێتی و به‌ئاراسته‌ی هێور كردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه هاوكاری حكومه‌ت بن وهه‌موو هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ، تارێگه نه‌درێت هه‌ندێك خه‌ڵكی گێره شێوێن، له‌ژێر په‌رده‌ی خۆپیشاندان و (كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا) گیان و ئاسایش و ئارامی هاووڵاتییان بخه‌نه مه‌ترسی و ناوبانگی كورد‌و كوردستانی خۆشه‌ویستیش له‌كه‌دار بكه‌ن.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی ده‌كاته‌وه كه خۆپیشاندان و ئازادی راده‌ربڕین و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی له‌چوارچێوه‌ی یاسا‌و به‌شێوازی مه‌ده‌نییانه‌ی دوور له‌توندو تیژی، مافی ره‌وای هه‌موو لایه‌كه،له‌هه‌مان كاتیش‌دا حكومه‌تی هه‌رێم هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كاته‌وه كه به‌پشت به‌ستن به‌یاساو بۆ پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ی له كوردستاندا هه‌یه، سه‌رجه‌م داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپاردووه به‌توندی به‌رپه‌رچی هه‌ر هه‌وڵێكی گێره‌شێوێنان بده‌نه‌وه كه ببنه هۆی مه‌ترسی بۆ سه‌ر گیان و ماڵی هاووڵاتییان، له‌هه‌مان كاتیش‌دا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌م رووداوه‌ی ئه‌مڕۆی شاری سلێمانی ده‌كات و هه‌ر گێره‌شێوێنێكی به‌رپرسی ئه‌م رووداوه رووبه‌ڕووی سزای یاسایی توند ده‌كاته‌وه.
17/2/2011
