مەسرور بارزانی: ئەزموونی ئێمە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم سەرکەوتوو بووە و پرۆژە یاساکانی رێکخستنەوەی دامودەستگاکانی ئاسایشیش دەرهاوێشتەی ئەو ئەزموونەمانە و بۆ بەرژەوەندیی تێکرای هاولاتیانە

 مەسرور بارزانی: ئەزموونی ئێمە لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم سەرکەوتوو بووە و پرۆژە یاساکانی رێکخستنەوەی دامودەستگاکانی ئاسایشیش دەرهاوێشتەی ئەو ئەزموونەمانە و بۆ بەرژەوەندیی تێکرای هاولاتیانە

ئەمرۆ ئێوارە بەرێز مەسرور بارزانی پێسوازیی لە جۆرج سیبلی راوێژکاری سەفیری ئةمريكا لة عێراق بۆ کاروباری باکور و ئەلێکس لاسکارێس سەرپەرشتی تیمی ئاوەدانکردنەوە ئةمريكا لەهەرێمی کوردستان کرد.

لەم دیدارەدا وێرای خستنە بەر باسی باری پەیوەندییە دووقۆلیەکانی هەرێم و ئەمەریکا، تیشک خرایە سەر دوا پێشهاتەکانی مەیدانی سیاسی عێراق و هەرێم. لەم بوارەدا شاندی ئەمەریکی پالپشتیی خۆیان بۆ پێشخستنی پرۆسەی سیاسی عێراق و هەرێم لەسەر بنەما دیموکراتیکەکان دووبارە کردەوە و خۆشحالیی خۆشیان بە سەقامگیریی باری سیاسی و ئاسایشی هەرێم دەربری.

لەم دیدارەدا مەسرور بارزانی پێگیریی کوردی بە پالپشتیی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسیی عێراق دووپات کردەوە و ئومیدی خواست کە رەوشی تەناهیی و سیاسیی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش سەقامگیری بەخۆوە ببینیت، هەر لەم زەمینەیەدا بەرێزیان گرفتی سەرەکیی چەقبەستوویی باری سیاسیی عێراقی بۆ نەبووونی متمانەی پێویست لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق گەراندەوە و چارەسەریی ئەو رەوشەشی تەنیا بە کورتبوونی دەستی دەرەکیی و دیالۆگی راشکاوانە و رووبەرووی گشت پێکهاتەکان زانی و لەگەل ئەوەش بەرێزیان گەشبیبیی خۆی خستە روو کە بە پرۆڤەی ژیانی دیموکراسی لە عێراق و دەرباس بوونی کات تا رادەیەک بەستەلەکەکانی نێوان پێکهاتەکان شکاون و گوێ لە چارەسەریە ناوخۆییەکان دەگیرێت، کە دەستپێشخەریەکەی سەرۆک بارزانی نموونەیەک لە ئەوجۆرە چارەسەریە ناوخۆیانە و گوێ لەیەکگرتنانەیە.

لە بارەی کێشەکانی هەرێم و بەغداش مەسرور بارزانی جێبەبێ کردنی مادەی ١٤٠ ی دەستووری بە کلیلی چارەسەریی زۆربەی کێشەکان زانیی و ئاماژەی بەوەدا کە ناکرێت هەندێ کەس بەندەکانی ئەو مادە دەستووریە بە ماوە بەسەرچوو و مردوو بزانن، چونکە دەستوور یەک دەستوورە و هەمووی پێکەوە زیندوو و لەکارە و مادەی ١٤٠ یش یەک پەکێجە کە چارەسەریی کێشە جێناکۆکیەکانی بە شێوازە دیموکراتیکەکان خستۆتەروو بە جۆرێک کە خەلکی ئەو ناوچانە لە دوا قۆناغدا بریار لە سەر چارەنووسی ناوچەکانیان دەدەن.

هەر لەم دیدارەدا مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر کارایی دەستگاکانی پەیوەندیدار بە باری ئاسایشی هەرێم و ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە ئەزموونێکی سەرکەوتوومان لە پاراستنی ئاسایشی هەرێم لەو ناوچە پر لە ئاژاوەیە هەبووە و هەر لە ژێر تیشکی ئەو ئەزموونە و لە درێژەی پرۆسەی یەکخستنی دامودەستگاکانی هەرێم، دوو پرۆژە یاسامان خستۆتەروو کە ئێستا لە پەرلەمانن. ناوەرۆکی ئەو پرۆژانەش بە جۆرێکە کە وەک جاران وێرای کارامەترکردنی ئەو دەستگایانە و یەکخستنی سیاسەتی ئەمنییان، بەرهەمی ئەم دەستگایانەش دەخاتە خزمەت بەرژەوەندیی گشت هاولاتیان بەبێ هیچ جیاوازییەک.
Top