\"پرِچه‌ك كردنى سوپاى عێراق هێزى پێشمه‌رگه‌ ناگرێته‌وه‌\"""

\
گولاَن/س.م

وته‌بێژى فه‌رمى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ئاشكرایی كرد كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان له‌هه‌وڵى ئیمزاكردنى بۆندێكى گه‌وره‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ كرێنى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى و فرِۆكه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌هێزكردنى سوپاى عێراق، و ئه‌وه‌شی رِاگه‌یاند كه‌ كرِینى ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستان ناگرێته‌وه‌.

\"موحه‌ممه‌د عه‌سكه‌ری\"" وته‌بێژى فه‌رمى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق رِایگه‌یاند:
وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق له‌ هه‌وڵى ئیمزاكردنى بۆندێكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا به‌به‌هاى 13 ملیار دۆلار به‌مه‌به‌ستى پرِچه‌ك كردنى هێزه‌كانى عێراق تا بتوانن رِوبه‌رِوى هه‌ر هه‌رِه‌شه‌یه‌ك ببنه‌وه‌ و دۆسیه‌ى ئه‌منى ولاَت به‌رِێوه‌ببه‌ن دواى كشانه‌وه‌ى یه‌كجارى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.

له‌سه‌ر بێ به‌ش كردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌و بۆنده‌ عه‌سكه‌رى گوتى:
بێ به‌ش كردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ پرِچه‌ك كردنى سوپاى عێراقدا ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ كورد بێ به‌ش ده‌كرێت چونكه‌ له‌ سوپاى عێراقدا سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى تێدایه‌ و سوپاى عێراقی له‌سه‌ر پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كانى عێراق پێكهاتوه‌.

ده‌رباره‌ى پرِچه‌ك كردنى هێزه‌كانى عێراق و بێ به‌ش كردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان \""جه‌بار یاوه‌ر\"" له‌ لێدوانێكیدا بۆ (شه‌لقولئه‌وسه‌ت) رِایگه‌یاند:
رِێككه‌وتنى پێش وه‌خت هه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند كه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ بۆ كرِینى چه‌كى قورس ته‌نها بۆ سوپاى عێراق بێت و هێزى پێشمه‌رگه‌ نه‌گرێته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و بۆنده‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ئه‌نجامى ده‌دات په‌یوه‌ندى به‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ نییه‌.

گوتیشی: دواى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ ده‌توانرێت به‌رِه‌زامه‌ندى حكومه‌تى عێراق چه‌كى سوك و هێلیكۆپته‌رى فریاكه‌وتن بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ دابین بكه‌ین.

هه‌روه‌ها ئه‌میندارى گشتى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ گوتیشی:
یه‌كێك له‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق بریتیه‌ له‌ كێشه‌ى پێشمه‌رگه‌ كه‌ به‌پێى ده‌ستور ده‌بێت كورد 20%ـى هێزه‌كانى عێراق پێكبهێنێت به‌لاَم له‌ئێستادا كورد ته‌نها 8%ـى هێزه‌كانى عێراق پێكده‌هێنێت.

سه‌رچاوه‌/pukmedia"
Top