سەرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای راگەیاندنی وڵاتی كوێت دەكات
لە دیدارەكەدا ، سەرۆك بارزانی لە وەڵامی چەند پرسیارێكی ئەندامانی شاندەكە ، تەئكیدی لەسەر قووڵیی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و كوێتی كردەوە و ئەو پەیوەندییانەی بە برایانە و پتەو وەسفكرد، ئاماژەی بەوەشكرد كە ویستێكی بە هێز لە لایەن سەركردایەتی هەرێمەوە هەیە بە مەبەستی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ دەوڵەتی كوێت بەو پێیەی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەر دوولا لە خۆ بگرێت و رایگەیاند كە وڵاتی كوێت پێگەیەكی تایبەتی هەیە لە لای خەڵكی كوردستان و زۆر بە وردی لە ئێش و ئازارەكانی رابردووی خەڵكی كوێت تێدەگەن و خەڵكی كوێتیش بەهەمان شێوە لە ئێش و ئازارەكانی گەلی كوردستان حالین و ئێستا پاش رووخانی رژێمی پێشوو دەرفەتێكی مێژوویی هاتۆتە پێش كە پێویستە بە هەر دوولاوە هەنگاو بەرەو بەهێزكردنی پەیوەندییەكان بدەین و لەو رووەوە سەرۆك بارزانی ستایشی رۆڵی هەر دوو باڵیۆزی عیراق و كوێتی كرد لە پێشخستن و بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییانە.
لە لایەن خۆشیانەوە ، شاندی باڵای راگەیاندنی كوێتی ستایشی ئەو پێشكەوتنانەیان كرد كە لە گشت بوارەكانی هەرێمدا هاتونەتەدی و رایانگەیاند كە ئاستی رێكخستن و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان زۆر بەرزەو وەكو شاندی راگەیاندنی كوێتی بەو ئاستە سەرسام بووین و هیوادارین ئەو ئاستە هەر لە هەڵكشاندا بێت و دەوڵەتی كوێتیش سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان وەرگرێ و كونسوڵخانەیەك لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكاتەوە و پردێكی ئاسمانیش لەگەڵیدا دروست بكات ، راستە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عیراق ، بەڵام هەر وەكو ئەوروپا وایە و بەراستی دیرۆكی كوردستان دیرۆكی سەركەوتنە و خوازیارین بەشەكانی دیكەی عیراق سوود لەو ئەزموونە پێشكەوتووەی هەرێمی كوردستان ببینن.
بەرێوەبەری نووسینی رۆژنامەی ئەلئەنبائیش بەرامبەر نەهامەتیەكانی گەلی كوردستان لە سەردەمی رژێمی پێشوو رایگەیاند كە ئەو وەكو عەرەبێك داوای لێبوردن لە گەلی كوردستان دەكات بەرامبەر ئەو تاوانانەی كە ئەو رژێمە دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامی دابوو و كەسیش نەیتوانی بەرگرییان لێ بكات .
ئەمەو لە كۆتایی دیدارەكەدا ، سەرۆكی شاندەكە سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی كە لە شاندەكە كردووە رۆڵی سەرۆك بارزانیشی بەرزنرخاند لە چەسپاندنی بنەماكانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لە نێوان كوێت و هەرێمی كودستاندا.
شایانی باسە ، بەرێزان فەلەكەدین كاكەیی و وەزیری رۆشنبیری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەقیب و جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئامادەی دیدارەكەبوون.
