سەرۆكایەتیی هەرێم: كورد مافی هەیە داوای پۆستێك لە وەزارەتە تەناهییەكانی عێراق بكات

سەرۆكایەتیی هەرێم: كورد مافی هەیە داوای پۆستێك لە وەزارەتە تەناهییەكانی عێراق بكات
سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، داوای كورد بۆ پۆستێكی تەناهی لە حكوومەتی ئێستەی عێراقدا مافێكی رەوای كوردە، هەروەها رەتی كردەوە نووری مالیكی هیچ جۆرە لێدوانێكی دابێ كە باس لە رەتكردنەوەى ئەو مافەى كورد بكات.

فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەم راگەیاند، پێشتر هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە وەزارەتەكانی تەناهی وەك وەزارەتی بەرگری، ناوەخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و دەزگەی هەواڵگریی عێراق بەكەسانی سەربەخۆ و بێ لایەن بدرێ، بەڵام ئێستە كە باس لە دەستنیشان كردنی پاوڵاكەكان لەلایەن تەباییی عێراقییە و نیشتمانی دەكرێ، كوردیش مافی خۆیەتی یەكێك لەو چوار پۆستە وەربگرێ.

زیاتر گوتی، ئەگەر پۆستەكان بەكەسانی سەربەخۆ بدرێ، كوردیش كەسانی سەربەخۆی هەیە، دەبێ یەكێك لەو چوار پۆستە تەناهییە كورد بێ، بەتایبەت پۆستی دەزگەی هەواڵگریی عێراق كە بۆ عێراق و كوردیش گرینگە.

لەبارەی لێدوانەكانی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە \"رەتی دەكاتەوە\"" كورد بتوانێ داوای پێدانی پۆستێكی وەزارەتی تەناهیی كردبێ، حوسێن گوتی، من لێدوانەكانی نووری مالیكیم نەخوێندووەتەوە، بەڵام بەبۆچوونی من مالیكی لێدوانی وای نەداوە و قسەی وا ناكات و ئەمە قسەی مالیكی نییە، ئەگەر ئێمە وەزارەتەكان دابەش بكەین كە وەزارەتی خزمەتگوزاری، ئابووری و تەناهین، بەشدارنەبوونی كورد لە وەزارەتە تەناهییەكان كەموكوڕییە بۆ عێراق، وا باشە كورد بەشدار بێ و وەگرتنی پۆستی تەناهی مافی كوردە.

دێتە گوتن شەمووی رابردوو عەبدولهادی حەسانی راوێژكاری نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕۆژنامەی (زەمان)ی عێراقی راگەیاند، ئەندامانی تەباییی بارستە كوردستانییەكان ناوی مەسرور بارزانیان هێناوە بۆ ئەوەی پۆستی وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی بەدەست بێنێ، بەڵام مالیكی ئامادە نییە ئەو پۆستە بەكورد بدات.

-ئاكانیوز"
Top