هاوپه‌یمانی كوردستانی سه‌رۆكی كوتله‌و جێگره‌كه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دیاری ده‌كات

هاوپه‌یمانی كوردستانی سه‌رۆكی كوتله‌و جێگره‌كه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران دیاری ده‌كات
گولاَن- ع. ا

هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌رۆكی كوتله‌و جێگره‌كه‌یی و برِیارده‌رو وته‌بێژی خۆی دیاری كرد.
دوێنێ چوارشه‌ممه‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ فه‌رمی سه‌رۆك و جێگرو برِیارده‌ر و ته‌بێژی كوتله‌كه‌ی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژارد.

له‌مباره‌یه‌وه‌ په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی مه‌حمود عوسمان رایگه‌یاند كوتله‌كه‌ی برِیاریدا به‌ هه‌ڵبژاردنی فوئاد مه‌عسوم به‌ سه‌رۆكی كوتله‌ و موحسین سه‌عدون به‌ جێگری سه‌رۆكی كوتله‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌روه‌ها برِیاریشدا به‌ دامه‌زراندنی په‌رله‌مانتار ئالا تاڵه‌بانی به‌ برِیارده‌ری كوتله‌و موئه‌یه‌د ته‌یب وته‌بێژی فه‌رمی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ په‌رله‌مانتار سه‌ر به‌ كوتله‌ی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان خالید شوانی داوای له‌ حكومه‌تی نوێی عێراق كرد به‌ جیدی په‌یوه‌ست بێت به‌ ماده‌ ده‌ستوورییه‌كان به‌ تایبه‌ت ئه‌و مادانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ ده‌سه‌لاَته‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پارێزگایانه‌یشی تا ئێستا وه‌كو هه‌رێم رێكنه‌خراون، گوتیشی ده‌سه‌لاَته‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانیش له‌ هه‌ردوو بابی چوارو پێنجی ده‌ستووری عێراق به‌ روونی دیاری كراون.

شوانی هۆشداریشیدا له‌ پێشێلكردنی ماده‌ ده‌ستوورییه‌كان، هه‌ر پێشێلكردنێكیشی به‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیدار له‌ قه‌ڵه‌مدا بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی، روونیشی كرده‌وه‌ هه‌مواركردنی ده‌ستوور و گۆرِینی ماده‌كانی له‌ ده‌سه‌لاَتی سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالیكی نییه‌.

جێی باسه‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئیمزای له‌ سه‌ر وه‌ره‌قه‌ 19 خاڵییه‌كه‌ی كورد كرد كه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و به‌شداری كردنی كورد له‌و حكومه‌ته‌ پێشكه‌شی به‌ سه‌رجه‌م كوتله‌ سیاسییه‌كان كردبوو، له‌ گرنگترین ئه‌و خالاَنه‌ی له‌ وه‌ره‌قه‌دا هاتووه‌ ده‌ست گرتنه‌ به‌ ده‌ستووری عێراق و رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدرِاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمه‌ كوردستانه‌.

سه‌رچاوه‌: السومریه‌ نیوز، pukmedia
Top