سەرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆز و فەرماندەی گشتی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات
لە دیدارێكدا ، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پیرۆزبایی سەرۆك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و جۆزێف بایدنی جێگری بە سەرۆك بارزانی گەیاند بە بۆنەی سەركەوتنی كۆنگرەی 13و هەڵبژاردنەوەی بەرێزیان بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان.
سەرۆك بارزانی لەگەڵ سوپاسكردنی سەرۆك ئۆباماو جۆزێف بایدنی جێگری بۆ ئەو پیرۆزباییە ، گرنگی پتەوتركردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكای دووپاتكردەوە.
تاوتوێكردنی دوا پەرەسەندنەكانی پرۆسەی سیاسی و هەوڵی گشت پێكهاتەكانی گەلی عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كە تیایدا هەمووان بەشداری لە دروستكردنی بڕیار و بەرێوەبردنی وڵاتدا بن تەوەرێكی سەرەكی دیدارەكەبوو و لەم رووەوە سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەسەر پابەندبوون بە رێككەوتنەكانی نێوان لایەن و قەوارە سیاسییەكان و پەیرەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران و دەستووری هەمیشەیی وڵات كردەوە .
هەروەها سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر بایەخی ئەنجومەنی سیاسەتە ستراتیژییەكانی كردەوە و ئاماژەی بەوەكرد كە دەبێ ئەو ئەنجومەنە رۆڵی كاریگەری خۆی لە بەرێوەبردنی وڵاتدا بگێرێ ، چونكە واتای شەراكەتی راستەقینە لەو ئەنجومەنەدا بەرجەستە دەبێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆشحاڵی خۆیان بەرامبەر بەدوا پەرەسەندنە ئیجابیەكانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە عیراقەوە دەربڕی و بیروڕاشیان لە مەڕ یاسای نەوت و غاز و بودجە و ماددەی 140ی دەستووری عیراق و میكانیزمی دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لە نێوان كوتلە سەركەوتووەكان ئاڵوگۆڕكرد و باڵیۆز و فەرماندەی هێزەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش پابەندبوونی تەواوی وڵاتەكەیان بە پشتگیریكردنی پرۆسەی سیاسی عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دووپاتكردەوە.
