هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبونه‌وه
سه‌ره‌تاى كۆبونه‌وه‌كه دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌خێرهاتنى شانده‌كه‌ى كرد و تیشك خرایه سه‌ر كار و چالاكیه خزمه‌تگوزاریه‌كانى حكومه‌ت و پرۆژه‌كان و په‌یوه‌ندى نێوان سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زیره به‌رێزه‌كان و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى و زیاتر كاركردنى به‌رپرسان بۆ زیاتر خزمه‌تكردن به هاوولاَتیان.
هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه هه‌ردوولا ئاماژه‌یان به به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان كرد له بودجه‌ى گشتى عیراق و هه‌وڵدان بۆ چاككردنى ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه‌ى كه له‌پرۆژه بودجه‌ى ساڵى 2011ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراقه‌وه ده‌رچوه‌و بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق نێردراوه له‌گه‌ڵ كاركردنى په‌رله‌مان و حكومه‌ت بۆ پشتیوانى له هه‌ڵوێستى رێزدار سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ندامانى لیستى كوردستانى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق، بۆ چاككردنه‌وه‌ى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له پرۆژه یاساى بودجه‌ى عیراقى فیدراڵ.
له‌ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دانیشتنه‌كه‌دا تیشك خرایه سه‌ر دامه‌زراندنى ئه‌و ده‌ستانه‌ى كه یاساكانیان له په‌رله‌مان ده‌رچوه بۆ دامه‌زراندنى ده‌سته‌ى ناوچه كوردستانیه دابرِاوو كێشه له‌سه‌ره‌كان و یاسای نه‌وت و غاز و بودجه‌ى وه‌رزش و لاوانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌لاَمى ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كه ئاراسته‌ى وه‌زیره به‌رێزه‌كان كراون و ده‌كرێن و پرۆژه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و زیاتر كاركردن بۆ خزمه‌تكردنى هاوولاَتیان، هاوكات گرنگى و تایبه‌تى درایه سه‌ر بودجه‌ى 2011 ى هه‌رێمى كوردستان كه ئێستا ئاماده‌یه و به په‌سه‌ند زانرا چاوه‌روانى یه‌كلابونه‌وه‌ى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق بكرىَ.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانى كرد بۆ ئه‌م پێشوازیه، هه‌روه‌ها پیرۆزبایى خۆى به بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى كاره‌كانى كۆنگره‌ى سێزده‌مینى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و وه‌رگرتنى میدالیاى بارزانى و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى به ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له‌دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى كرد، هه‌روه‌ها سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه ئاماده‌یى نیشان دا له‌پێناو سه‌رخستنى هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندى بالاَى گه‌لى كوردستان و پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و پێشبردنى ره‌وتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان و هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه ئاماده‌یى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانى نیشان دا بۆ هه‌ر جۆره روونكردنه‌وه‌و شیی كردنه‌وه‌یه‌كى پێویست چ له گفتوگۆى نێوان لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى یاخود له‌دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان دا.
له‌كۆتایى كۆبونه‌وه‌كه‌ش هه‌ردوولا ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامى كۆبونه‌وه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تیه‌كه كرده‌وه و ئاماده‌یى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستانیش بۆ وه‌لاَمى ئه‌و پرسیارانه‌ى كه له‌لایه‌ن لیژنه‌كان و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه ئاراسته‌یان كراوه, دووپات کرایه‌وه.
