بارزانى په‌یامێكى پیرۆزبایی ئاراسته‌ى خوشك و برایانى كوردى ئێزیدى كرد
به‌ناوى خواى مه‌زن و دلۆڤان، به‌بۆنه‌ى هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى رۆژیێن خوشك و برایانى كوردى ئێزدى، به ناوى خۆم و گشت ئه‌ندامانى كۆنگره‌ى سێزده‌مى پارتى دیمه‌كراتى كوردستانه‌وه پیرۆزباییه‌كى گه‌رم ئاراسته‌ى ئه‌و خوشك و برا كورده ئێزدییانه، كه ئه‌ندامى كۆنگره‌ن و له ڕێگه‌ى ئه‌وانیشه‌وه له هه‌موو خوشك و برایانى كوردی ئێزدى كوردستان و عیراق و جیهان ده‌كه‌م.
كورده ئێزدییه‌كان به‌شێكى گرنگى گه‌لى كوردستانن و ڕۆڵێكى به‌رچاویان له بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى گه‌له‌كه‌ماندا هه‌بووه‌و له‌و پێناوه‌یشدا قوربانییه‌كى زۆریان داوه، بۆیه هه‌قی خۆیانه ئه‌مڕۆ هه‌روه‌كو هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان شانازى به‌و ده‌ستكه‌وتانه‌وه بكه‌ن كه ئه‌مڕۆ له سایه‌ى خه‌باتى ئه‌وان و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى كوردستانه‌وه هاتوونه‌ته دی و به‌ڵێنیش بێت كه هه‌میشه داكۆكیكارێكى به‌هێزى مافه ئایینییه‌كانیان بین.
دووباره پیرۆز بێت ئه‌و جه‌ژنه‌یان به هیواى ئه‌وه‌ى هه‌موو ساڵێك به‌خێروخۆشى بۆیان بگه‌ڕێته‌وه‌و كوردستانیش هه‌میشه ئاوه‌دان.
هه‌رشادو سه‌رفراز بن.
مه‌سعود بارزانی
16/12/2010
