برووسكەی پیرۆزبایی سەرۆكی هەرێم بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
بۆ/ مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
سڵاوورێز
لە ساڵیادی (58)ەمین دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان ، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی لە ئێوە و یەكەیەكەی ئەندامان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانتان دەكەم ، كە هەمیشە لە ناو بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان و تێكۆشانی رێكخراوەییدا ڕۆڵێكی كاراو پڕ بەخششی گێڕاوە و قوتابخانەیەك بووە بۆ پێگەیاندن و گۆشكردنی سەدان ئافرەتی بە توانای هەر دوو مەیدانی خەباتی چەكداری و جەماوەری و نەك تەنانەت وەك باوك و هاوسەر و كوڕ و براكانیان بەشداری لە خەباتی بێ وچانی گەلەكەیان كردوە ، بەڵكو ئامادەش بووینە لە پێناو مافە رەواكانی گەلەكەیان تەنانەت بچنە سەر پەتی سێدارە كە شەهید لەیلا قاسم نموونەیەكی هەرە دیاری ئەو خۆبەخت كردنەوەیە بوو.
ئەمرۆ ئافرەتی كوردستان هەقی خۆیەتی رۆڵی بەرچاوتری هەبێت لە دەسەڵاتە جیاجیاكاندا بۆیە ئەركی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان و رێكخراوەكانی دیكەی ئافرەتان ئەوەیە كە داكۆكی لە مافی ئافرەت و هەڵقوڵاندنی وزە و توانا شاراوەكانیان بكەن و پەرە بەو توانایەیان بدەن لە رێی سازدانی كۆنفرانسی تایبەت بەو بوارە و حكومەتی هەرێمیش بە هەموو توانایەكیەوە دەبێ پاڵپشتی ئەو بۆچوونەیان بكات و هەموو هاوكاری و هەماهەنگیەكیش بكات بۆ ئەوەی لە سایەی زیاتری یەكسانی و دادپەروەری و رەخساندنی هەلی كارو چاكتركردنی باری ئابوورییان لە پێشكەوتندا بن و كاری جدیش ئەنجام بدات لە پێناو كەمكردنەوەی زیاتری ئەو توندوتیژییەی كە لە بەرامبەریاندا دەكرێ بۆ ئەوەی بەرەو ژیانێكی ئاسوودەو یەكسانی پێ بنێن.
دووبارە پیرۆزبایی ئەو یادە پڕ شكۆیەتان لێ دەكەم و هەر سەركەوتوو بن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
10/12/2010
