فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان داوای زیادكردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم ده‌كات و ئه‌لعێراقییه‌ش پشتگیری لێده‌كات
گولاَن- ع. ا
ئه‌ندامێكی كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێشبنی ده‌كات كوتله‌یه‌ك داوایه‌ك پێشكه‌ش بكات سه‌باره‌ت به زیاد كردنی به‌شی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی حكومه‌تی عێراقی فیدرِاڵ.
له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان شه‌ریف سلێمان رایگه‌یاند به‌هۆی پاڵه‌په‌ستۆو زیاد بوونی رێژه‌ی دانیشتووان و پێشكه‌وتنی لایه‌نی بوژانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كوتله‌ی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان داوایه‌ك پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات و داوای به‌شی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له بودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت بۆ ساڵی 2011.
له به‌شێكی دیكه لێدوانه‌كه‌یدا سلێمان روونی كرده‌وه له ماوه‌ی داهاتوو فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان پرۆژه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه بۆ زیاد كردنی به‌شی هه‌رێمی كوردستان له 17% وه بۆ رێژه‌ی 20% پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له بودجه‌ی ساڵی 2011 پرۆژه‌كه جێگیر بكرێت.
جه‌ختیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌وه هه‌یه رێژه‌ی به شه بودجه‌ی خۆی له حكومه‌تی فیدرِاڵ بۆ بگۆردرێت چونكه پاڵه‌په‌ستۆیه‌كی زۆری له سه‌ره به‌هۆی زیاد بوونی رێژه‌ی دانیشتووان و پرۆژه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌رێمه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌ندامی كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه عه‌تاب دوری دووپاتی كرده‌وه مافی هه‌ر هه‌رێم و پارێزگایه‌كه داوای زیادبوونی بودجه‌ی دیاری كراوی خۆی بكات له بودجه‌ی گشتی ده‌وڵه‌ت.
جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه هه‌موو پارێزگایه‌ك و هه‌رێمی كوردستان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بودجه‌ی دیاری كراوی بۆ زیاد بكرێت چونكه هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆیه‌و له هه‌مان كاتیش‌دا سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ندییه، دووپاتیشی له سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ئه‌وان وه‌كو كوتله‌ی ئه‌لعێراقییه له‌گه‌ڵ هه‌ر زیادكردنێكی بودجهكهدان به‌مه‌رجێك زیاد كردنه‌كه بۆ هه‌موو لایه‌ك و بۆ هه‌موو پارێزگایه‌ك وه‌كو یه‌ك بێت.
سه‌رچاوه: المواطن نیوز
