قوباد تاڵه‌بانی له‌ویلایه‌تی کالیفۆرنیا: ده‌سپێشخه‌ریه‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم بووه‌هۆی پێکهێنانی حکومه‌تێکی شه‌راکه‌تی نیشتمانی له‌عێراق
له دوو وتاری جیادا که له لایان ئه‌نجومه‌نی کاروباری جیهانی رێکخرابوون، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان خۆشبه‌ختی خۆی و هه‌رێمی کوردستانی پێگه‌یاندن به‌بۆنه‌ی ڕه‌زامه‌ندی هه‌موو کوتله سیاسیه‌کان بۆ پێکهێنانی حکومه‌تێکی شه‌راکه‌تی نیشتمانی که پێکهاته‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانه. هه‌روه‌ها نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تیشکی خسته سه‌رئه‌وه‌ی که کورد ئه‌مڕۆ له عێراق ڕۆلی سه‌ره‌کی ده‌بینێت و ده‌سپێشخه‌ریه‌که‌ی جه‌نابی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بووه هۆی کۆکردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌کان و تا بتوانن له نزیکه‌وه به راشکاوانه کێشه‌کان له که‌ش و هه‌وایه‌کی دیموکراتیانه‌دا باس بکه‌ن و له‌ناو چوارچێوه‌ی وڵاتی عێراق كێشه‌کان چاره‌سه‌ربکرێن و بگه‌ن به ئه‌نجامێکی به به‌روبووم بۆ خزمه‌تکردنی گه‌ڵی عێراق.
هه‌روه‌ها نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم قوباد تاڵه‌بانی به ئاماده‌بووانی راگه‌یاند که هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه له بواری كشتوکاڵ و بواری تهکنالۆجیا، له بهرژهنوهندی کوردستاندا ده‌بێت سود له ئه‌زموون و پسپۆڕی کالیفۆرنیا وه‌ربگیرێت، چونکه کالیفۆرنیا له هه‌ردوو بواردا پێشکه‌وتووه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.
نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له ئه‌مریکا ئه‌وه‌شی دوپات کرده‌وه که ئه‌مریکا ڕۆلێکی تایبه‌تی هه‌بووه له پێشکه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان بۆیه گه‌ڵی ئه‌مریکا ئه‌بێ ئه‌و راستیه بزانن که سه‌رکه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان ئه‌مرۆ گه‌شترین نمونه‌ی سه‌رکه‌وتنی عێراقه، بۆیه پێویسته گه‌ڵی ئه‌مریکا و حکومه‌ته‌که‌ی شانازی به‌سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن.
چه‌ندین پرسیار له‌لایه‌ن به‌شداربوان ئاراسته‌ی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کران سه‌باره‌ت به پرسی جۆراوجۆر، له وه‌لامدانه‌وه‌یان قوباد تاڵه‌بانی زۆر بایه‌خیدا به پابه‌ندبوونی هه‌موو لایه‌نه‌کان به ده‌ستوری عێراق، هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند ئه‌و کێشانه‌ی که زۆریان به ههڵپێسراوی ماونه‌ته‌وه ته‌نها ده‌ستوری عێراق چاره‌سه‌ریان ده‌کات. بۆیه پابه‌ند بوون به ده‌ستور ریزگرتنه له مافی گه‌ڵی عێراق.
له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ کالیفۆرنیا نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چاوی به ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ری کۆمپانیای مه‌زنی تهکنالۆجیای جیهانی (گوگڵ و تویته‌ر ) که‌وت، کۆمپانیای گوگڵ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر سه‌ردانی کوردستانیان کردبوو به مه‌به‌ستی دروستکردنی په‌یوه‌ندی له‌نێوان کۆمپانیا ته‌کنۆلۆجیاکانی کوردستان.
به‌رنامه‌ی کۆمپیوته‌ری تویته‌ر یه‌کێکه له‌م به‌رنامانه‌ی که ئه‌مڕۆ پتر له 175 ملیۆن که‌س زانیاری ئه‌گۆرنه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا.
له‌هه‌ردوو کۆبونه‌وه‌که‌ی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم باس له به‌هێزکردنی که‌رتی تهکنالۆجیا کرا له هه‌رێمی کوردستان.
ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسکردن بێت نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم بایه‌خێکی تایبه‌ت ئه‌دات به ویلایه‌تی کالیفۆرنیا، تا ئێستا به سه‌رپه‌رشتی به‌شی هونه‌رو که‌ڵتور له نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوو وه‌فدی هۆلیوودو وه‌فدێکی باڵای یه‌کێك له ناودارترین مۆزه‌خانه‌ی کالیفۆرنیا سه‌ردانی کوردستانیان کردوه‌و بۆ ئالوگۆرکردنی فه‌رهه‌نگی و که‌ڵتوری.
ویلایه‌تی کالیفۆرنیا حه‌وته‌م ده‌وڵه‌مه‌ندترین ئابوری هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.
