دوای ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، له‌ به‌سرِه‌ 1000 ئالاَی كوردستان به‌رزده‌كرێته‌وه‌و له‌ هه‌ولێریش چالاكی رێكده‌خرێت

دوای ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، له‌ به‌سرِه‌ 1000 ئالاَی كوردستان به‌رزده‌كرێته‌وه‌و له‌ هه‌ولێریش چالاكی رێكده‌خرێت
گولاَن- هه‌ولێر

دوێنێ شه‌ممه‌ بۆ به‌رز راگرتنی رۆَڵی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و سه‌ركه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی، هه‌زار ئالاَی كوردستان له‌ شه‌قامه‌كانی پارێزگای به‌سرِه‌ به‌رزكرایه‌وه‌.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عه‌بدولئیلا كازم وته‌بێژ به‌ ناوی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق تاریق هاشمی رایگه‌یاند مافی خۆیه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رێزی لێبگیردرێ چونكه‌ توانی عێراق له‌ ته‌نگژه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ رزگار بكات.

كازم گوتی لێژنه‌ی برایه‌تی كوردی- به‌سرایی به‌ هاوكاری ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی كه‌سایه‌تی دیار له‌ شاری به‌سرِه‌ چه‌ندین دروشمیان له‌ پاڵ ئالاَی كوردستان به‌رزكرده‌وه‌، كه‌ هه‌موویان ستایشی رۆڵی نیشتمانیانه‌ی كورد ده‌كه‌ن له‌ عێراقدا، ناوبارو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا لێژنه‌كه‌ رۆشنبیری خۆشه‌ویستی بۆ كوردستان له‌ پارێزگای به‌سرِه‌ بلاَوده‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ك رێگه‌ خۆشكردن بۆ قۆناخێكی نوێی په‌یوه‌ندییه‌كان.

له‌لایه‌كی دیكه‌ هه‌ر به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ئاهه‌نگ و چالاكییه‌ك له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌رِێوه‌چوون.

ناوه‌ندی بالاَی چالاكی و پێگه‌یاندنی لاوان كۆرِێكی بۆ رۆژنامه‌نووس له‌ گۆڤاری گولاَن عه‌بدولستار ئه‌حمه‌د باغه‌مره‌یی له‌ ژێر ناونیشانی \"رۆژێك بۆ ره‌مزی نافیع و مۆله‌رو رۆژێك بۆ ئالاَی كوردستان\"" ساز كرد، كۆرگێر له‌ میانی پێشكه‌شكردنی كۆرِه‌كه‌یدا وێرِای به‌رزنرخاندنی رۆڵی سه‌رۆك بارزانی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقدا، باسی له‌ مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و په‌یدابوون و دروستكردنی ئالاَی كوردستان كرد، ئه‌و بۆچوونه‌ مێژووییانه‌یشی شیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ باره‌ی په‌یدابوون و دروستكردنی ئالاَی كوردستان گوتراون، به‌تایبه‌ت ئه‌و بۆچوونانه‌ی جه‌خت له‌ سه‌ر رۆڵی ره‌مزی نافیع ره‌شید ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌ستی له‌ دروستكردنی ئاَلای كوردستان هه‌بووه‌، ره‌مزی كورِه‌ كوردێكی شاری هه‌ولێر بووه‌ له‌ ساڵی 1917 له‌ هه‌ولێر له‌ دایك بووه‌و له‌ ساڵی 1947 له‌ هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌، ناوبراو له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌و پلانێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئه‌ڵمانی به‌ ناوی گۆتفرێد یوهانس مۆله‌ر ئالاَی كوردستانی دروستكردووه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆرِه‌كه‌یدا باغه‌مره‌یی تیشكی خسته‌ سه‌ر گرنگی ئالاَ وه‌كو ره‌هه‌ندێكی ئایینی، نه‌ته‌وه‌یی، مێژوویی، جوگرافی، سیاسی، كۆمه‌لاَیه‌تی، فه‌لسه‌فی وده‌روونی، روونی كرده‌وه‌ جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق تاریق هاشمی له‌ سه‌ردانێكی بۆ ولاَتی كوێت له‌ 7/2/2007 له‌ باره‌ی كورد پرسیارێكی ئاراسته‌ كرا، له‌وه‌لاَمدا گوتی: ئێستا كورد خاوه‌نی ئالاَی خۆیه‌تی، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌شكرد سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان توانی پێداگری بكات له‌ سه‌ر گۆرِینی ئالاَی عێراق كه‌ ماده‌ی 11 ی ده‌ستوور قسه‌ی له‌ سه‌ر كردووه‌.

له‌ كۆتایی كۆرِه‌كه‌دا ئاماده‌بووان وێرِای ده‌ستخۆشی و پیرۆزكردنی ساڵوه‌گه‌رِی به‌ یاسایی كردنی ئالاَی كوردستان له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ له‌ 11/11/1999، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی كردنی سه‌ركه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، كۆرِه‌كه‌یان به‌ تێبینی و پرسیار گه‌رمتر كرد.

جێی باسه‌ هه‌ر بۆ به‌رز راگرتنی ئالاَی كوردستان گروپی ئالاَی كوردستان له‌ شاری دهۆك دامه‌زراوه‌، ئه‌ركی گروپه‌كه‌ داكۆكی كردن و نوێ راگرتنی ئالاَی كوردستانه‌ له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان."
Top