دەقی ووتەكانی بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای گەرانەوەی بەرێزیان لەبەغدا

دەقی ووتەكانی بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای گەرانەوەی بەرێزیان لەبەغدا
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

خۆشحاڵم لەگەڵـتان كۆدەبمەوە بۆ ئەوەی لەرێگەی ئێوەوە خەڵكی كوردستان ئاگاداربن لەو هەوڵانەی كەدراون و لەئەنجامەكانی. هەروەكو ئاگادارن پێش ماوەیەك ئێمە موبادەرەیەكمان دەست پێكرد و دوای ئەوەی كە مشوەرەتمان كرد لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری هەموو لایەنەكانی ئێراقی ، چونكە ئێراق گەیشتبووە قەیرانێك كەچەقیبوو و هیچ نەدەكرا ، وە رەنگبێ‌ هەندێ‌ كەس هەبن بڵێن ئێمە چ هەقمان هەیە بەسەر ئەو كێشانە و هەرچی لەبەغدا دەبێت ئێمە نابێت گرنگی بەو جۆرە كێشانە بدەین ، بەڵام ئەمە هەڵەیە ، لەراستیدا بارودۆخی ئێمە زۆری بەستراوە بەبەغدا وەزۆر پەیوەندیدارە .

لەبەرئەوە ئێمە ئەو موبادەرەیەمان دەست پێكرد و وەلەوەش دەستمان پێیكرد پێشەكی لەهەر لایەنێك چەند برادەرێك بێن باسی ئەو خاڵانە بكەن كەهاوبەشن بزانین لەكوێ‌ رێكین وە لەكوێ‌ جیاوازی هەیە وەچۆن دەتوانین زاڵ بین بەسەر ئەو كۆسپانەی كە لەبەر دەممانە ، بێگومان شاندی ئێمە ئەدائێكی زۆر رێك و پێك و سەركەوتوانەیان نواند بەشاهێدی هەموولایەك وەمن دەمەوێت بەتایبەتی سوپاسی كاك د.رۆژ بكەم كە بە شاهێدی هەموولایەك رۆڵێكی زۆر سەركەوتووانەی هەبوو هی خۆی و هەموو هەڤاڵانی لە شاندی كوردستانی .

دوای ئەوەی كەوێنەكە روون و ئاشكرا بو كە لەكوێ‌ دا خاڵی هاوبەشمان هەیەو لەكوێ‌ خاڵی جیاوازمان هەیە ، ئەوەبوو هەموو لایەنەكانمان داوەتكرد و رۆژی 7/11/2010 هەموو سەركردەكانی ئێراق هاتن بۆ هەولێر، ئەو كەش و هەوایەی لێرە بینیمان بەراستی كەشێكی ئیجابی بوو ، دوای ئەوە بریاردرا كۆبونەوەكانی تر لەبەغدا بن ، من رۆژی پاشتر چووم بۆ بەغدا وە لەبەغدا دیسان دەستمانكرد بەزنجیرەیەك كۆبوونەوە بەئامادەبوونی هەموو لایەنەكان ، ئەو دۆسیانەی كەئامادەكرابوون و هەندێ‌ خاڵ مابوون كە دەبوایە لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی بریاری لێبدرێت بریاریان لێدراو هەموو ئەو دۆسیانە تەواو بوون وەك دۆسیەكانی (ئاسایش ، تەوازن هەروەها دۆسیەی هاوبەشی لە حوكم وە دۆسیەی ئابووری ، هەروەها ئەو دۆسیەیەی كە كێشەی نێوان خۆیانی پێك دەهێنا ئەوەی كەپێی دەڵێن \"ریشەكێشكردنی بەعس یان لێپرسینەوەودادپەروەری\"" پاشان بۆئەوەی كەچۆن دابەشكردنی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە بكرێت ، شەوی پێشتر دواین كۆبوونەوە ئەنجامدرا و تێیدا رێككەوتنكرا كەپەرلەمان دەست بەكاربێ وە سەرۆكایەتی كۆمار بۆكورد بێت و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هاوپەیمانی نیشتیمانی بێت وە سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بۆ لیستی عێراقیە بێت ، دوای ئەوە دەست دەكەین بە پێكهێنانی حكومەت ، بێگومان ئەو خاڵانەی كە پەیوەندیان بە داواكاریەكانی ئێمەوە هەیە خۆشبەختانە هەموو لایەنەكان رەزامەندی خۆیان دەربریوەو پێشی پێكهێنانی حكومەت ئەبێت \""تەوسیق بكرێت\"" وە ببێتە بەشێك لە پرۆگرامی حكومەت .

بێگومان ئێمە وایدەبینین كەئەمە سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆگەلی كورد وەئەم سەركەوتنەش بەیەكریزی خۆمان بەدەست هات بۆیە ئەبێت بزانین وەهەمیشە لەیادمان بێت هەمووسەركەوتنێكی بەدەست هاتووە بەبرایەتی و بەتەبایی ناوخۆمان دەتوانین بیپارێزین وەدەستكەوتی تازەش هەر لەو رێگەیەوە دەتوانین بەدەست بێنین .
بێگومان دوێنێ‌ شەو پەرلەمانی ئێراقی كۆبۆوە وەك هەموولایەك دەیانبینی ، لەناو پەرلەمان و لەكاتی كۆبونەوەكان كێشەیەك رویدا ، بەڵام ئەوە زۆر ئاسایی بوو چونكە ئەوە هەشت مانگە لەهەر دانشتنێك كۆمەڵێك كێشەو قینە كۆدەبێتەوە ، بەڵام بێگومان بەهیچ شێوەیەك كێشەكە لەگەڵ ئێمە نەبوو وەكو كورد ئێمە تەرەفێكی كێشەكە نەبووین ، وەمن نامەوێت زۆر بچمە ناو وردەكاری كێشەكەو وابزانم ئەمەش چارەسەر دەبێ‌ و ئەوانیش دەگەرێنەوە ، بەڵام لەهەمان كاتدا هەنگاوی گرنگ هاویژرا ئەوەبوو لەو دانیشتنەدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێردراو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا و سەرۆكی وەزیران دەست نیشانكرا ، ئیتر دەمێنێتەوە لەمەودوا چۆن ئێمە هەوڵ بدەین حكومەتێكی هاوبەش حكومەتێك كە هاوسەنگی تێدابێت دروست بكرێت. بۆ هەموو لایەكیش دەركەوت كە رۆڵێ‌ كورد رۆڵێكی سەرەكییە وە جێگەی شانازییە بۆ هەموو كوردێك كە كورد بتوانێت ئەم رۆڵە ببینێت ، خەڵكێك پێی وابوو

یائێمە گرنگی پێدەرنین بەبارودۆخی ئێراق یاخود هەندێ‌ كەس پێیان وابوو سەنگی كورد كەم بۆتەوەو كورد هیچی پێناكرێت ، لەراستیدا هەمووئەو قسەو قسەڵۆكانە پوچەڵبوونەوە وەمن پێم وایە ئەمرۆ سەنگی كورد نەوەكو لەئێراق بەڵكو لەسەرتاسەری جیهان چووە ئاستێكی تر وە ئەمە جێگەی شانازییە بۆ هەموومان .

ئەمە بوو دەرەنجامی ئەو دەستپێشخەریەمان كەئەتوانین بڵێین زۆر سەركەوتووبوو ، بۆئەو مەبەستەش كۆمەڵێك پەیوەندی تەلەفۆنیم بۆ هاتووە هەر لەسەرۆك ئۆباما و سەرۆكانی وڵاتانی تری جیهان كە بەگشتی هەموویان پیرۆزباییان كردووە لە سەركەوتنی ئەو موبادەرەیە ، وەلەناوخۆی خەڵكی ئێراقیشدا زۆر لەو پروپاگەندانەی كەدەكران دژ بە كورد پوچەڵكرانەوە ، ئیتر پشتیوان بەخوای گەورە رۆژ لە دوای رۆژ میللەتی كورد بەختەوەرتر و پێشكەوتوتر و خۆشحاڵتر دەبێت . زۆر سوپاس بۆ هەموولایەك "
Top