سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی باڵای كۆنگرێسی ئەمریكا کرد

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی باڵای كۆنگرێسی ئەمریكا کرد
ئەمرۆ سێشەممە 9/11/2010 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵای كۆنگرێسی ئەمریكا كە پێكهاتبوو لە سیناتۆر جۆن ماكین و سیناتۆر جۆ لێبرمان و سیناتۆر لندسی گراهام.

لە دیدارێكدا كە بەرێزان د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدراڵ و جیمس جیفری باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و ژەنەراڵ لوید ئۆستن فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ئامادەی بوون ، دوا پەرەسەندنەكانی باری سیاسی و ئەمنی و ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ئارادان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ ، بە تایبەتی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی و دانیشتنی رۆژی پێنج شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تاوتوكران.

شاندی باڵای كۆنگرێسی ئەمریكا تەئكیدیان لەسەر بایەخی كۆبوونەوەی سەركردەكانی قەوارە سیاسییەكانی عیراق كردەوە كە دوێنێ‌ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەرێوەچوو و بە سەرەتایەكی باشیان دانا لە پێناو گەیشتن بە رێككەوتن و دوا چارەسەرییەك بۆ ئەو تەنگژە سیاسییەی كە عیراق تیادا تێپەڕ دەبێت و جەختیشیان لەسەر بایەخی پێكهێنانی حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی كردەوە كە گشت هێزو قەوارە سیاسییەكانی عیراق لە خۆ بگرێت ، بە بێ‌ پەراوێز خستنی هیچ لایەنێك و ئەمەشی بە كارێكی گرنگ وەسفكرد بۆ چەسپاندنی ئەزموونە دیموكراتیەكەی عیراق و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی وڵات بونەتەوە و پشتگیری وڵاتەكەشیان بۆ عیراق و ئەزموونە دیموكراتیەكەی دووپات كردەوە و هیوایان خواست كە سەركردە عیراقییەكان بتوانن لە چەند رۆژی داهاتوودا حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی بێننەكایەوە ، ئێمە هەمیشە ئیعجابی خۆمان پێشانداوە سەبارەت بە بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی دەربارەی چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەت و پێداگیری لەسەر ئەوەی كە حكومەتەكە دەبێ‌ حكومەتێكی بنكە فراوان بێت و ئێمە لەوە تێدەگەین كە لە هەر چارەسەرێكدا سەرۆك بارزانی رۆڵی سەرەكی دەگێرێ‌ ئەو رۆلەش مێژوو پێی بەخشیوە.

سەبارەت بە رەوشی كوردستانیش ، شاندی باڵای كۆنگرێسی ئەمەریكا رۆڵی گەلی كوردستان و پێشمەرگەیان لە هاوكاریكردنی هێزەكانی ئەمریكا و پرۆسەی رزگاركردنی عیراق بەرزنرخاند و رایگەیاند كە پێزانینێكی زۆریان هەیە بۆ دۆستایەتی گەلی كوردستان و ئەمریكا پابەندە بەو دۆستایەتیە و لە ژێر سایەی سەرۆك بارزانی –ش حەتمەن گەلی كوردستان دەگاتە ئایندەیەكی گەش و پشتگیری وڵاتەكەشیان دووپاتكردەوە لە پاراستنی ئەمنیەت و سەقامگیری كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی و كۆمپانیا ئەمریكیەكانیش بەشداری لە پرۆسەی بونیادنان و ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان بكەن.

سەرۆك بارزانی سوپاسی شاندی باڵای كۆنگرێسی ئەمریكای كرد و رایگەیاند كە هەموو هەوڵێكی خۆی دەخاتە گەڕ و ئەمرۆ ڕوو لە بەغدا دەكات بە مەبەستی درێژەدان بە كۆبوونەوەی سەركردەكان كە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەیدا ئەنجام دەدرێن و كۆبوونەوەكەی هەولێریشی بە ئەرێنی وەسفكرد و هیوای خواست كە كۆبوونەوەكانی بەغدا بەهەمان شێوە بەرێوە بچن و هەموو لایەنەكان بگەنە رێككەوتنێكی گشتگر كە حكومەتێكی شەراكەتی نیشتمانی راستەقینەی لێ‌ بكەوێتەوە بە بەشداری هەموو پێكهاتە سەرەكیەكانی عیراق و پێداگیریشی لەسەر ئیستحقاقە نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان كردەوە.
Top