مه‌سرور بارزانی پێشوازیی له‌ سیناتۆری ئیتاڵی سێرجیۆ دی گریگۆلیۆ و شاندی یاوه‌ری کرد

مه‌سرور بارزانی پێشوازیی له‌ سیناتۆری ئیتاڵی سێرجیۆ دی گریگۆلیۆ و شاندی یاوه‌ری کرد
ئه‌مرِۆ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان، پێشوازیی له‌ سیناتۆر (سێرجیۆ دی گریگۆلیۆ) سه‌رۆکی لێژنه‌ی کاروباری ناتۆ له‌ سیناتی ئیتاڵی و شاندی یاوه‌ری کرد.
ئه‌مه‌و له‌م دیداره‌دا، گرینگیی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیی دوولایه‌نه‌ و دواره‌وشی سیاسی و ئه‌منی هه‌رێم و عێراق تاوتوێ کرا و شاندیی میوان باری سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێمیان به‌ خاڵێکی ئیجابی و کاریگه‌ر بۆ پێشکه‌وتنه‌کانی هه‌رێم وه‌سف کرد و ئومێدیان خواست که‌ ئه‌م ره‌وشه‌ی له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ سه‌رتاسه‌ری ئێراقیش بگرێته‌وه‌.

هه‌ر له‌م بواره‌دا سیناتۆر دی گرێگۆلیۆ، بوونی هه‌رێمی به‌ په‌ناگه‌ی مه‌سیحیه‌کان و سه‌رجه‌م قوربانیانی ده‌ستی تیرۆر، به‌ هێمای سه‌رکه‌وتوویی کورد له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی لێبورده‌یی و پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ عێراق و ناوچه‌که‌دا زانی.

‌هه‌ر له‌و‌ دیداره‌دا شاندی ئیتاڵی، خواستی وپارته‌که‌یانی بۆ فراوانکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و به‌رزکردنی ئاستی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی و کردنه‌وه‌ی کونسوڵخانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان خسته‌رِوو .

هه‌ر له‌ په‌یوه‌ندی به‌م ته‌وه‌ره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیی دێرینی دوولایه‌نه‌ و رۆڵی له‌ مێژینه‌ی ئیتاڵیا له‌ دۆستایه‌تی و پاڵپشتیی کورد دا و جه‌ختی له‌سه‌ر گرینگیی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆلیه‌کان له‌ گشت بواره‌کانی سیاسی و ئابووری و که‌لتوری کرده‌وه‌.
Top