هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئیتاڵیا، ئهمڕۆ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، سەردانی ئەنجوومەنی سێناتی ئیتاڵیای كرد و لەلایەن لامبێرتۆ دینی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی ئەنجوومەنی سێناتی ئیتاڵیاوە پێشوازیی لێكرا . لە دیدارێكدا، وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بە دووەم دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی، لامبێرتۆ دینی باسی لە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە ئێراق و بیناكردنی ئێراقی نوێ و پرۆسەی بە دیموكراتیزەكردنی ئەم وڵاتەدا كرد . هەروەها بایەخ و گرنگی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتاڵیای باسكرد و گوتی : هەرێمی كوردستان بەلای ئیتاڵیاوە زۆر گرنگە و جێگە و پێگەی تایبەتی هەیە . هەر لە دیدارەكەدا، سەرۆك بارزانی بە گشتی باسی لە پرۆسەی سیاسی ئێراق و هەروەها باسی لەوەشكرد كە هەرێمی كوردستان هەردەم خاڵی بەیەكگەیشتن و چارەسەری كێشەكانی ئێراق بووەو هیواشی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا بچێتە قۆناغی زۆر پێشكەوتووترەوە .