سه‌رۆكی هه‌رێم: ئۆباما به‌ڵێنی پێداوم پشتگیری له‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بكات

سه‌رۆكی هه‌رێم:  ئۆباما به‌ڵێنی پێداوم پشتگیری له‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 بكات
گولاَن- عه‌بدولستار باغه‌مره‌یی

له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی سه‌ر له‌ نوێ داوای پێكهێنانی سێ هه‌رێمی شیعی- سوننی- كوردی ده‌كات له‌ عێراق، ئه‌و داوایانه‌یشی باس له‌ مانه‌وه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز ده‌كه‌ن به‌ خه‌ونی چۆله‌كه‌ وه‌سفیان ده‌كات.

سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌رێمی كوردستان مسعود بارزانی له‌و دیمانه‌یه‌یدا له‌گه‌ڵ نیویۆرك تایمز ئاماژه‌ی به‌وه‌دا سه‌رۆكی ولاَته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا باراك ئۆباما به‌ڵێنی داوه‌ پشتگیری جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 ی ده‌ستووری تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی دیكه‌ بكات.

رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز ئه‌و لێدوانه‌ گه‌رمه‌ی سه‌رۆك بارزانی بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی كورد ده‌گه‌رِێنێته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی عێراق، كه‌ ئه‌مانه‌ زیاتر پاڵ به‌ كورده‌وه‌ ده‌نێن بۆ فراوانتر كردنی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گێرِانه‌وه‌ی ناوچه‌ دابرِاوه‌كان بۆ سنووری هه‌رێمی كوردستان و به‌ ده‌ستهێنانی رێژه‌یه‌كی زیاتری نه‌وت له‌ چوارچێوه‌ شه‌رعی و یاساییه‌كه‌ی خۆی.

نیویۆرك تایمز ده‌نووسێ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ چێوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق هه‌وڵێكی زۆری داوه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ جارێكی دیكه‌ توانی له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان رێژه‌یه‌كی باشی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق به‌ ده‌ست بێنن، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ حكومه‌تی نوێی عێراق به‌ كورد پێكنه‌هێنرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌وای سه‌رۆكی كوتله‌ سیاسییه‌كان روو له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی دانووستان و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.

سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ مه‌حاڵی ده‌زانێ جارێكی دیكه‌ كورد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ به‌ هه‌مان مه‌رج و داواكانی پێشوو رازی بێت و به‌شداری پێكهێنانی حكومه‌ت بكات، به‌ڵكو سه‌رۆك بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێ كورد ده‌یه‌وێ سه‌نگی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ حكومه‌تی نوێدا قایمتر بكات به‌تایبه‌ت له‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ كێشه‌س سنووری هه‌رێمی كوردستان و پاره‌و پرسی پێشمه‌رگه‌و پرسی نه‌وته‌وه‌ هه‌یه‌.

رۆژنامه‌كه‌ نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئێستا نووسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك بارزانی بۆته‌ وێستگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ سه‌رانی سیاسی سوننه‌و شیعه‌ی عێراق له‌ پێناو به‌ ده‌ستهێنانی پشتگیری كورد بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌وڵه‌كانی به‌ توندوتۆڵ وه‌سف ده‌كات به‌شێوه‌یه‌ك بارزانی ده‌یه‌وێ له‌ به‌رامبه‌ر لاوازی به‌غدا سه‌نگی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو هه‌رێمێكی فیدرِاڵ قایمتر و تۆكمه‌تر بكات.

له‌ كۆتایی دیمانه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی سه‌رله‌ نوێ داوای پێكهێنانی سێ هه‌رێمی شیعی- سوننی- كوردی كرده‌وه‌ له‌ عیراق، ئه‌و پرۆژه‌یه‌یشی به‌ سه‌ركه‌وتووترین پرۆژه‌ وه‌سف كرد بۆ مانه‌وه‌ی عێراق به‌ یه‌كریزی و یه‌كگرتوویی و به‌رقه‌راربوونی سه‌قامگیری.


سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی النخیل
www.nakhelnews.com
Top