وتاری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له رێوره‌سمی یادی ئه‌نفالكردنی هه‌شت هه‌زار بارزانی
كه‌سوكارى سه‌ربڵندى شه‌هیدانی بارزان.
ئاماده‌بووانی به‌ریزی ئه‌م مه‌راسیمه خه‌مناكه.
ئه‌مرِۆ لێره له (بارزان) كۆبوینه‌ته‌وه بۆ یاده‌وه‌ریه‌كى تال و ئازار به‌خش، له مێژووى گه‌له‌كه‌مان، كه ئه‌ویش رۆژى شومى بێسه‌روشوێنكردنى 8 هه‌زار بارزانیه.
ئه‌مرِۆ 27 سال به‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌دا تێده‌په‌رِێت، كه رژێمى به‌عس له به‌ره‌به‌یانى 31/ ته‌موزى ساڵى 1983 به هێزێكى گه‌وره و به به‌شدارى (حرسی جمهوری) په‌لامارى ئۆردوگاى زۆره‌ملێى قوشته‌په و دواتر (به‌حركه و هه‌ریر و دیانا)ی‌دا و درِندانه‌دا هه‌موو ره‌گه‌زى نێرینه ئه‌وانه‌ى ته‌مه‌نیان له نێوان 14 بۆ 70 ساڵیدا بوو، له خێزانه‌كانیان جیا كرانه‌وه و به‌ره‌و چاره‌نوسێكى نادیار بران. ئه‌م مرۆڤه بێ چه‌ك و بێ دیفاعانه كه پێشتر له‌سه‌ر مال و حاڵى خۆیان راگوێزرابوون و له‌و كه‌مپ و ئۆردوگا زۆره ملێیانه‌دا ئاماده كرابوون بۆ له‌ناوبردن.
تاوانى بێسه‌روشوێنكردنى 8 هه‌زار بارزانى و هاوكات بێسه‌روشوێنكردنى هه‌زاران كوردى فه‌یلى و دواتر به‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاى له هه‌ڵه‌بجه و سێوسێنان و گۆپته‌په و بالیسان و ده‌یان گوند و ناوچه‌ى تر‌ى كوردستان و ئه‌نفالكردنى 182 هه‌زار كه‌سى بێ‌تاوان له گه‌رمیانه‌وه تا بادینان، به‌رنامه و كاری به‌عس بوون بۆ جینۆسایدكردنى خه‌لكی كوردستان.
كۆیى ئه‌م تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تیانه كه له قۆناغى جیاجیادا به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكى كوردستان و به تایبه‌ت له‌م ناوچه‌یه ئه‌نجام دراون، به پێش چاوى دونیا و ناوه‌نده‌كانى برِیارى نێووده‌وڵه‌تى و جیهانى ئیسلامه‌وه روویانداوه. هه‌ڵوێستى مرۆڤ دۆستانه‌ى ئه‌و كه‌سایه‌تى و گه‌ل و ده‌وڵه‌تانه هیچ كات له‌بیر ناچنه‌وه كه دژى ئه‌م تاوانكاریانه پشتیوانیان له گه‌لى كورد كرد و هه‌وڵیان دا بێده‌نگى جیهان به‌رانبه‌ر به قرِكردنى نه‌ته‌وه‌یه‌ك بشكێنن.! له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ره‌خنه‌و گلله‌ییه‌كانمان هه‌میشه به‌رده‌وام ده‌بێت له وڵاتانى عه‌ره‌بى و دونیاى ئیسلام و ده‌وله‌تان كه چاو و گوێچكه‌ى خۆیان داخستبوو له ئاستى ئه‌م تاونانه‌و هاوار و نزاى میلله‌تێكی چه‌وساوه.
ئاماده‌بوانى خۆشه‌ویست
دڵنیام ئه‌م یاده‌وه‌ریه، كولاندنه‌وه‌ى برینى جه‌رگى هه‌زاران دایكى ئه‌م نیشتمانه‌یه، رۆژێكى ئازاربه‌خشه، كه له زێدى خۆیان له نێومال و له‌م ناوچه‌یه‌ى لێى له دایك بوون و تیایدا ژیاوون، یاده‌وه‌ریان ده‌گێرِینه‌وه بۆ ئه‌و رۆژانه‌ى به درِندانه‌ترین شێوه ئازیزه‌كانیان بێ سه‌روشوێن كران.
به‌ڵام رۆژێكى گرنگه له مێژووى پرِ له تێكۆشانى گه‌له‌كه‌ماندا. كه لێره له (بارزان) له ژێر ئاڵاى پیرۆزى كوردستان و له سایه‌ى حوكمرِانى خۆبه‌خۆى كوردیدا، یاد و یاده‌وه‌ریان به‌رز راده‌گرین، چونكه هه‌میشه دوژمنانى كورد ویستویانه ئه‌م ناوچه‌یه له‌سه‌ر نه‌خشه بسرِنه‌وه. له روداوه‌كانى پێش جه‌نگى یه‌كه‌مى جیهان و دواتریش زلهێزه‌كان و وڵاتانى ناوچه‌كه ویستویانه به سوتماككردنى كوردستان له بارزانه‌وه ده‌ست پێبكه‌ن، جونكه بارزان ره‌مزی مقاومه‌ت و پیناسه‌ی شۆرش و خوبه‌ختكردنه له پیناوی ئازادی كوردستاندا.
دواى لكاندنى ویلایه‌تى موسل به عیراقه‌وه و دروستكردنى ده‌وڵه‌تى تازه دامه‌زراوى عیراق، حكومه‌تی ئه‌وكاته‌ى عیراق یه‌كه‌مین ده‌ستپێكى دوژمنایه‌تیكردنى كوردیان لێره‌وه ده‌ستپێكرد، له نێوانى ساڵه‌كانى 1932 بۆ 34 سوپاى عیراق به پاڵپشتى فرۆكه‌ى جه‌نگى به‌ریتانیا له ناوچه‌كانى (بارزان و به‌رِۆژ و مزورى و شێروانه) 79 گوندیان كاول و وێران كردووه و خه‌ڵكه‌كه‌ى كه ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ریان كردوون. به دواى ئه‌و رووداوانه‌شدا به بیانووى سه‌ركوتكردنى راپه‌رِینى ناوچه‌كانى بارزان و دواتر به بیانووى سه‌ركوتكردنى شۆرِشى ئه‌یلوله‌وه زۆرترین توانا سه‌ربازییه‌كانى رژێمى عیراق و زۆرترین جۆرى چه‌ك، به چه‌كه یاساغه نێو‌و ده‌وڵه‌تیه‌كانیشه‌وه له‌م ناوچه‌یه له دژی خه‌لكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره به‌كارهینراون.
خوشكان برایان
ئه‌وه نه‌بێ ئیتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كورد بێ پشتیوان بووه، چۆكى بۆ دوژمنانى دادابێ.! به درێژایى مێژویى ئه‌و رووداوانه تا راپه‌رِینى ساڵى 1991، له‌به‌رانبه‌ر هه‌وڵى داگیركه‌ران و دوژمنانى گه‌له‌كه‌مان بۆ به سوتماككردنى كوردستان، ئه‌م مه‌ڵبه‌نده مه‌یدانى رووبه‌رِوو بونه‌وه و به‌ره‌نگارى و تێكۆشان بووه.
له ململانێكانى پێش دروستكردنى ده‌وڵه‌تى عیراق و پاش لكاندنى ئه‌م به‌شه‌ى كوردستان به عیراقه‌وه، ئه‌م ناوچه‌یه مه‌ڵبه‌ندى سه‌رهه‌ڵدان و راپه‌رِین و شۆرِش بووه. له (شێخ عه‌بدوالسلام بارزانیه‌وه) تا بارزانى نه‌مر و ئێستاش رۆڵه‌كانى بارزان تاوى تێكۆشانى گه‌له‌كه‌مان و كاروانى رزگارى نیشتمانیان به‌تینتر كردووه.
له‌گه‌ل ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام مه‌شخه‌ڵى شۆرِش و راپه‌رِین لیره‌وه تاوى سه‌ندووه، لێره‌شه‌وه بارزان پشتیوانی له بزوتنه‌وه و راپه‌رِین و شۆرِشه‌كانى ناوچه‌كانى تر‌ى كوردستان كردووه. له پشتیوانى و هاوخه‌باتى شۆرِشى شێخ مه‌حموده‌وه بۆ به‌شدارى له كۆمارى مهاباد شایه‌تى ئه‌و راستیه‌ن كه تێكۆشه‌رانى ئه‌م ده‌ڤه‌ره، رابه‌ران و خه‌باتگێرِانى بارزان ئاماده‌ى هه‌موو قوربانیه‌ك بوون له پێناوى ئازادی گه‌له‌كه‌ماندا.
ئاماده‌بوانى خۆشه‌ویست، ده‌مه‌وێ سه‌رنجتان بۆ خاڵێكى گرنگ راكێشم كه مێژوویى دورودرێژى خه‌باتى گه‌له‌كه‌مان ئه‌و راستیه‌ى بۆ سه‌لماندووین، هه‌ركات یه‌كێتیى ریزه‌كانى كورد، بزوتنه‌وه رزگاریخوازانه‌كه‌مان، لێكترازاو و پارچه پارچه بووبێت، دوژمنانمان زۆرتر زه‌فه‌ریان پێبردووین و گوزى كه‌مه‌رشكێنیان لێداوین. له به‌رانبه‌ردا هه‌ركات ده‌ستمان خستبێته ناو ده‌ستى یه‌ك و هاوكارو هه‌ماهه‌نگ كارى یه‌ك بووبین، له سه‌ركه‌وتن نزیكتر بووینه‌ته‌وه و ده‌ستكه‌وتى گرنگترمان بۆ گه‌له‌كه‌مان به‌دى هێناوه.
هێزه سیاسیه‌كانى كورد له به‌ره‌ى كوردستانیدا یه‌كمان گرته‌وه، راپه‌رِینمان به‌رپاكرد. یه‌ك ئیراده‌یى خه‌ڵكى كوردستان له راپه‌رِین زامنى سه‌ركه‌وتنى راپه‌رِینى بۆ كردین، یه‌ك هه‌ڵوێستیمان گه‌یاندینیه ئه‌و رۆژه‌ى یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى ئازاد له كوردستان ئه‌نجام بده‌ین كه حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى لێكه‌وته‌وه. ته‌جروبه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ش ده‌ریخست یه‌ك هه‌ڵوێستى پارتى و یه‌كێتیى و هیزه تیكوشه‌ره‌كانی تری كوردایه‌تی و یه‌ك گوتارى جه‌نابى مام جه‌لال و جه‌نابى كاك مه‌سعود، كێشه‌ى ره‌واى گه‌له‌كه‌مانى برده قۆناغى زۆر گرنگه‌وه.
با ئه‌و رۆژانه بهێنینه‌وه پێش چاوى خۆمان كه تاوانى وه‌ك بێسه‌روشوێنكردنى ئه‌م 8 بارزانییه‌ى تیا ئه‌نجام درا، ئه‌و رۆژانه‌ى ده‌یان تاوانى هاوشێوه‌ى تر به‌رانبه‌ر به كورد كران، له‌گه‌ل ئه‌مرِۆ به‌راوردیان بكه‌ین ئه‌و ده‌ستكه‌وت و شانازى و سه‌روه‌ریانه‌ى ئه‌مرِۆ بۆ گه‌له‌كه‌مان به ده‌ستهاتوون به چاوى به‌راوردكارى ئه‌و رۆژه ره‌شانه ته‌ماشایان بكه‌ین، ده‌بینین به خه‌بات و تێكۆشانى گه‌له‌كه‌مان، به خوێنى شه‌هیدان و خه‌باتى هێزى پێشمه‌رگه‌و پشتیوانى جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌مان، ئه‌مرِۆ له چ دۆخێكداین. لیرشدا جیگه‌ی خویه‌تی به چاوی ریز و تقدیره هه‌لویستی هاوپه‌یمانان له رزگاری كردنی عیراق له رژیمی فاشی به‌رز بنرخینین و به‌وانه‌ش كه به‌دگومانن له رامالینی سه‌دام با بفه‌رموونه كوردستان به خویان ئاسه‌واری تاوانه‌كانی ببینن.
رۆژانێك ئه‌و تاوانه دژ به مرۆڤایه‌تیانه به‌رانبه‌ر به كورد ئه‌نجام ده‌دران و به‌رژه‌وه‌ندى زلهێزه‌كان و ناوه‌نده‌كانى برِیار وایكردبوو جیهان چاوى له ئاستیان بنوقینن . به‌لاَم ئه‌مرِۆ به‌شى زۆرى وڵاتانى جیهان پشتیوانیمان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵماندا به‌شدارى یاده‌وه‌رى ئه‌و رۆژانه ده‌كه‌نه‌وه.
ده‌ستكه‌وتى گرنگن بۆ خه‌ڵكى كوردستان و مروفایه‌تی كه بینیمان سه‌رانى رژێم خرانه قه‌فه‌سى تاوانه‌وه و به سزاى یاسایى خۆیان گه‌یشتن و كه‌یسه‌كانى ئێمه‌ش به جینۆساید ناسێنران. گرنگه ئه‌م ده‌رفه‌تانه، ئه‌م كرانه‌وه‌یه‌ى جیهان به رِووى كوردا له ئاستى نێووده‌وڵه‌تیدا بقۆزینه‌وه بۆ به ده‌ستهێنانى پشتیوانى نێووده‌وڵه‌تى بۆ به‌جیهانى ناساندنى تاوانى ئه‌نفال و بارزانیان و هه‌ڵه‌بجه وه‌ك جینۆساید. له ئاستى ناوخۆشدا كاربكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنى برِیاره‌كانى دادگا له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى كه‌سوكارى قوربانیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه زیان لێكه‌وتووه‌كان.
به‌رِێزان، ئه‌مرِۆ له كاتێكدا ئێمه ئه‌م یاده به‌رز راده‌گرین عیراق به وه‌زعیكی ئاڵۆزدا تێده‌په‌رِێت، گرفتى پێكهێنانى حكومه‌ت گه‌یشتۆته قۆناغێك كه كاریگه‌ریه‌كانى مه‌ترسى بۆ سه‌ر ژیانى سیاسى گه‌لانى عیراق ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان لێده‌خوازێت سه‌رجه‌م هێزه سیاسیه‌كانى كوردستان و كۆمه‌ڵانى خه‌ڵكى كوردستان له ده‌ورى به‌رنامه‌ی پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌له‌كه‌مان پشتیوانی بكه‌ین. هێشتا ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى به ده‌ستمان هانیوون، ئه‌م ئه‌زمونه‌ى حوكمرِانى كوردى و ئه‌و ئازادى و دیموكراسیه‌ته‌ى هه‌یه له كوردستاندا، وابه‌سته‌ى هه‌لومه‌رجى سیاسى عیراقه، ناكرێ پشتى لێبكه‌ینه‌وه و به‌هۆى ئارامى و سه‌قامگیرى سیاسیمانه‌وه له هه‌رێمى كوردستان، گوێ نه‌ده‌ینه ئه‌وه‌ى له به‌غدا چى ده‌گوزه‌رێ. نابێ بهیلین به‌غدا ببیته‌وه ناوه‌ندى دیكتاتوریه‌ت و برِیار دژ به خواسته‌كانى گه‌لی كوردستان و گه‌لانی عیراق—ئه‌مه‌ش ته‌نها ئه‌ركی ئیمه نیه له كوردستان به‌لكو هیزه دبمكراتخوازه‌كانی عیراق ده‌بی هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بین بۆ پاراستنی سیسته‌می دیمكراسی و فیدرالی و ده‌ستوور كه زامنی بیكه‌وه ژیانی گه‌لانی عیراقه.
له كۆتایدا روو ده‌كه‌مه ناوه‌نده‌كانى برِیارى نێو‌و ده‌وڵه‌تى. كۆمسیۆنه‌كانى مافى مرۆڤ، پشتگیرى و پشتیوانى برِیارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عیراق بكه‌ن له به‌جینۆساید ناساندنى ئه‌م تاوانانه. وه ده‌بێ دڵنیایى ئه‌وه بدرێته خه‌ڵكى كوردستان كه تاوانى تر‌ى له‌م جۆره دوباره نابێته‌وه.
جارێكی‌تریش هاوخه‌مى و په‌رۆشى خۆمان له حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ كه‌سو كارى قوربانیانى ئه‌م ناوچه‌یه‌و ته‌واوى ناوچه‌كانى كوردستان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه و ئومێده‌وارین له ئاستى برِواو متمانه‌یى ئێوه‌دابین بۆ خزمه‌تى گه‌له‌كه‌مان.
