هەر کەسە و گوێزان لە هەنبانەی خۆیدا دەژمێرێ
December 26, 2019
وتار و بیروڕا
حزبێکی ئیسلامی لە رووی ئایدیا و ئامانج و بیروبۆچوونی سیاسی لە حزبێکی عەلمانی یان نەتەوەیی جیاوازە، بۆیە دەبێ لەکاتی کۆنگرە و هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتیش ئەو جیاوازییە لەبەرچاو بگرن، چونکە ئەگەر ئەو جیاوازییە لەبەرچاو نەگرن، ئەوا لەگەڵ ئایدیا و ئامانج و بیروبۆچوونە سیاسییەکەیان راستگۆ نین.
پێشینان گوتوویانە: هەر کەسە و گوێزان لە هەنبانەی خۆیدا دەژمێرێ، من وەک خۆم لەسەر رێبازی بارزانی نەمر پەروەردە کراوم، رێبازی بارزانی نەمریش تەژییە لە کوردایەتی و بڕوا بوون بە سەربەخۆیی کوردستان، کەواتە هەنبانەی من کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستانی تێدایە، بۆیە هەرکاتێک پارتی کۆنگرە ببەستێ، بەر لە هەموو شتێک چاو بەو پاڵێوراوانەدا دەگێڕم کە خۆیان بۆ سەرکردایەتی پاڵاوتووە، دیارە ئەو پاڵێوراوانە لە رووی بیرکردنەوە و هەزم کردنی رێبازی بارزانی نەمر جیاوازییان هەیە، جا هەر کامێکیان باشتر رێبازی بارزانی نەمری هەزم کردبێ و بڕوای بە کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستان پتەوتر بێ، دەنگ بەو پاڵێوراوە دەدەم، بەڵام مەرج نییە هەنبانەی خەڵکی حزبەکانی تر وەک هەنبانەی من کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستانی تێدابێ، بۆیە ئەویش لە کاتی هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی خۆی دەست بۆ هەنبانەکەی دەبا و هەقی خۆشیەتی، جا ئەگەر بە رەوای بزانم لە کۆنگرەدا ئەوەی ناو هەنبانەکەی خۆم دایە بکەمە پێوەری دەنگدان، بە رەوا دەزانم خەڵکی حزبەکانی تریش ئەوەی ناو هەنبانەی خۆیان بکەنە پێوەری دەنگدان.

سووره مهرگهیی